نووسینگەی ئێمینکی هەواڵێکی لڤین بە درۆ دەخاتەوە

 نووسینگەی ئێمینکی هەواڵێکی لڤین بە درۆ دەخاتەوە
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەواڵێکی ماڵپەڕی لڤینی بە درۆ خستەوە و ڕایدەگەیه‌نێت، ئەو قسانەی لە زاری جێگری سەرۆکی پەرلەمانه‌وه‌ بڵاو کراونەتەوە سەرلەبەری ڕەت دەکەینەوە و، هیوادارین لڤین‌پرێس بە سەرچاوەی زانیارییەکانیدا بچێتەوە کە جگە لە جێگری سەرۆکی پەرلەمان تەنها سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان ئامادەی دانیشتنە ڕاوێژکارییەکە بوون.


دەقی ڕاگەیێندراوەکە:
ماڵپەری لڤین پرێس وەک پیشەی هەمیشەییان بۆ نانەوەی پشێوی، هەواڵێکی لەسەر زاری (د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی) لە کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڵاو کردووەتەوە کە سەرلەبەری ئەو هەواڵە و هەوڵەکانی پشت ئەو هەواڵەش بەدرۆ دەخەینەوە و ڕەتی دەکەینەوە؛ چونکە ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کۆ نەبوونەتەوە، بەڵکو دانیشتنێکی ڕاوێژکاری لەنێوان سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمانی کوردستاندا کراوە و هیچ کەسێکی تر ئامادەی ئەو دانیشتە نەبووە تا زانیارییەکان بە لڤین‌پرێس بدات.
ئەو قسانەش کە لە زاری جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە بڵاو کراوەتەوە، سەرلەبەری ڕەت دەکەینەوە و هیوادارین لڤین‌پرێس بە سەرچاوەی زانیارییەکانیدا بچێتەوە کە جگە لە جێگری سەرۆکی پەرلەمان تەنها سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان ئامادەی دانیشتنە ڕاوێژکارییەکە بوون.
زۆر بە داخەوە، دەبووا لڤین‌پرێس لەم هەلومەرجە ناسکەی گەلەکەماندا پیشەییانە ڕەفتاری کردبا و شایانی هەڵگریی پەیامیی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بن، بەڵام بەداخەوە لڤین پرێس ئەمە چەندەمین جارە تایبەت لەسەر زاری جێگری سەرۆکی پەرلەمان هەواڵی بێبنەما بڵاو دەکاتەوە و دوور لە هەمووو بەها و نەریتە ڕۆژنامەوانیەکان ڕەفتار دەکات و، بە بیری دێنینەوە کەوا پارتی دیموکراتی کوردستانیش ئەو هێزەیە کە خاوەن سەنگ و پێگەی جەماوەری و سیاسی و دیپلۆماسیی خۆیەتی و پێویستی بەوە نییە بە هێز سیاسەت بەڕێوە ببات.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
22/6/2015
Top