13 سەربازگەی داعش لە حەمرین لەناوبراون
فەرماندەی هێزەكانی دیجلە (عەبدولئەمیر زەیدی) ئاشكرای دەكات، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا و لە شەڕی دژ بە چەكدارانی داعش لە زنجیرەچیاكانی حەمرین، لە لایەن هێزەكانی سوپای عێراقەوە بە هاوكاریی چەكدارانی حەشدی شەعبی 13 سەربازگەی چەكدارانی داعشیان لە ناوبردووە.
فەریق روكن (عەبدولئەمیر زەیدی) لە لێدوانە رۆژنامەوانییەكەیدا گوتیشی، ئەو سەربازگانە هەندێكیان هاوكات كارگەی بەرهەمهێنانی بۆمبی چێندراو و لكێندراو و پشتێنی بۆمبریژكراو و بەرهەمهێنانی تەقەمەنی بوون.
ئەوەشی خستەروو، سەربازگەكان لە نێوان هەرسێ پارێزگای سەلاحەدین و دیالە و كەركووك بوون و چەكدارەكان لە رێگەی ئەم سەربازگانەوە مەترسییان خستبووە سەر ناوچەكە و رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە یەكگرتن و هێرشی چەكدارەكان، بەڵام پاش لەناوبردنی ئەو سەربازگانە ئێستا ناوچەكە ئارامییەكی باشی بەخۆیەوە بینیوە و كردەوە تیرۆریستییەكانیش بە رێژەیەكی بەرچاوو كەم بوونەتەوە.
