بەهێزیی داعش لە لاوازی و شكستی حكومەتی عێراقەوە سەرچاوەی گرتووە
فیلیپ جامیس هەروەها گوتی: بۆچوونی ئەمریكا ئەوەیە ئایندەی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ خودی عێراقییەكان خۆیان. ئەگەر عێراقییەكان دەیانەوێت نەتەوەیەكی یەكگرتوو بن، ئەوا پێویستە ئەمە دەرئەنجامەكەی بێت، خۆ ئەگەر هاتوو بڕیاریان دا كە دابەشبوون و سەربەخۆیی بۆ هەندێ ناوچە چارەسەرە، ئەوا ئەمەش دەرئەنجامێكی باشە. لە پێوەندی بە دەستڕۆیشتوویی ئێرانەوە، ئەوا ئەگەر بە جۆرێك لە جۆرەكان دابەشبوون ڕوویدا لە عێراقدا، ئەوا كاریگەری و دەستڕۆیشتویی ئێران لە ناوچەدا بەرەو هەڵكشان دەچێت، نەك داكشان، چونكە عێراقێكی یەكگرتوو وڵاتێكی گەورە و وڵاتێكی دەوڵەمەند دەبێت و كاریگەرییەكی گەورەی دەبێت لەسەر ناوچەكە، ئەگەر هاتوو توانی جیاوازییە سیاسییەكانی چارەسەر بكات. عێراقێكی دابەش بوو بە مانای بوونی ناوچەیەكی بچووك دێت لە باشوو كە لاواز دەبێت و لە ژێر دەستڕۆیشتوویی ئێراندا دەبێت. هەرێمی كوردستانیش هەرێمێكی گەشەكردوو، یان سەقامگیر دەبێت، بەڵام هەرێمێكی گەورە نابێت. هەروەها دابەشبوون ئەو پشێوییە گەورەیە كەم ناكاتەوە كە هەیە.
شايانى باسه جامیس هەروەها گوتی: سەربەخۆیی پرسێكی پەیوەستە بە هەموو عێراقییەكانەوە و ئەگەر بە ڕاشكاوی بدوێم، باوەڕم وا نییە سەربەخۆیی هاوكار بێت لە پرسی شەڕكردن لەگەڵ تیرۆردا، لەگەڵ ئەوەدا هاوڕام كە كوردستانێكی بەهێز لە عێراقدا لایەنێكی گرنگە بۆ شەڕكردن لە دژی تیرۆریزم لە ناوچەكەدا، لەبەر ئەوە بە هەڵە لێم تێمەگەن، من هەستێكی بەهێزم هەیە و هیچ دوودڵ نیم لەوەدا كە بڵێم پێویستە كوردستانی عێراق بەهێز بێت، خاوەن خۆبەڕێوەبەری بێت و هێزی ئەمنی خۆی هەبێت و ئەو هێزە ئەمنییە بەكار بێنێت بۆ پاراستنی ئەمنییەتی هەرێمەكەی. سەربەخۆیی بۆی هەیە بە دوو ڕێگەی جیاوازدا بڕوات، كەس نازانێت، دەكرێت مایەی گەشەكردن و سەقامگیری بێت بە هۆی پارێزگاریكردن لە ئەمنییەتی ناوچەكەوە، بەڵام سەربەخۆییش بۆی هەیە مایەی ناسەقامگیركردنی دەوڵەتە دراوسێكان بێت لە ڕێی لە ناوبردنی بەهای یاسایی سنوورەكانەوە، ئەگەر هاتوو ئەو سنوورانە بە شێوەیەكی تاكلایەنانە گۆڕانكارییان بەسەردا هات، ئەمە مەسەلەیەك نییە پەیوەست بێت بە كوردستانەوە، ئەوەندەی پێوەندی هەیە بە داعشەوە.
لە درێژەی قسەكانیدا واڵكەر گوتی: گەورەترین مەترسی لەسەر سەقامگیری ناوچەكە بریتییە لە داعش، لەبەر ئەوە لەناوبردنی ئەو دەسەڵاتە یاساییەی بە هۆیەوە كۆتایی بە داعش بهێندرێت، دەرئەنجامی پێچەوانەی لێدەكەوێتەوە. لەبەر ئەوە قسەكردن لەبارەی سەربەخۆبوونی كوردەكانی عێراقەوە لەم كاتەدا و دووبارە داڕشتنەوەی سنوورەكانی ناوچەكە لە دەرەوەی پرۆسەی گفتوگۆكردن، مایەی مەترسییەكی گەورەیە، لەبەر ئەوەی دەكرێت ئەو پاساوەی بۆ كوردەكانی عێراق بەكار بهێنێت، دەكرێ بۆ دابەشكردنی سووریاش بەكار بهێندرێت و عێراق بەرەو دۆخێك دەبات كە ڕەنگە زۆر مەترسیدار بێت و دەرئەنجامی پێچەوانەی لێبكەوێتەوە. ئەمەش هێندەی ئەوەی هەستی خۆمە، هێندە شیكردنەوەیەكی لۆجیكی نییە، بەڵام سەربەخۆیی ئامانجێكی بەهادار و پێویستە لە ڕێی گفتوگۆوە بەدەست بهێندرێت.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1031)
