بارزانی وەك رێبەری نەتەوە بوێرە و خاوەنی روئیایە بۆیە بڕیاری سەربەخۆیی دەدات

 بارزانی وەك رێبەری نەتەوە بوێرە و خاوەنی روئیایە بۆیە   بڕیاری سەربەخۆیی دەدات
لە دیمانەیەكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پڕۆفیسۆر ئۆفرا بێنگۆ تایبەتمەند لەسەر عێراقی نوێ و هەرێمی كوردستان بۆ گوتى: عێراق دەوڵەتێكی شكستخواردووە بە هۆی كۆمەڵە هۆكارێكەوە، گرنگترینیان لە سەرەتاوە- كە ئەمەیان گرنگترین فاكتەریانە- ئەوەیە كە عێراق بە شێوەیەكی نائاسایی پێكهێندراوە، ئەمە كەیسی شەڕكردنی دوو نەتەوە بووە لە دژی یەكتر، لە نێوان بزووتنەوەی نەتەوەی كورد و قەومییەی عەرەبیدا. لە سەرەتادا بەریتانیا و ویلسۆن بەڵێنی دەوڵەت، یان بەلای كەمەوە خۆبەڕێوەبەری- ئۆتۆنۆمی- یان بە كورددا، دواتر بەریتانیا پاشگەز بۆوە، بەڵام كورد نەتەوەن و مافی شەرعی و باوەڕپێكراوی خۆیانە كە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. ئەمە سەرەتای كێشە بونیادییەكە بوو. بە دڵنیاییەوە كێشەیەكی دیكەی بونیادی بریتییە لە دوژمنایەتی مێژووییانەی نێوان شیعە و سوننە، تا ئەمڕۆش زەمەن ئەم دوژمنایەتی و دابڕانەی نێوان شیعە و سوننەی نەسڕیوەتەوە، ئەمانە ئەو كێشانەن كە لە هەناوی دەوڵەتەوە هەڵگیرابوون. هەروەها هێزە دەرەكییەكانیش ئەم كێشانەیان خوڵقاندووە.

پڕۆفیسۆر ئۆفرا بێنگۆ گوتی: ئەمریكا هەڵە لە دوای هەڵە دووبارە دەكاتەوە و نە لە ئەزموونی بەریتانیا و نە لە هەڵەكانی خۆیەوە فێر نابێت و لە دوای هەر هەڵەیەك هەڵەیەكی گەورەتر دەكات، بۆ نموونە، وەك ئەوەی لەم دواییە لە ڕومادی بینیمان، بەڵێ موسڵ 75 هەزار سەربازی عێراقیی تێدابوو، بەڵام لە بەرامبەر 200 چەكداری داعشدا خۆیان ڕانەگرت و هەموویان هەڵهاتن، كەچی ئەمریكا لە هەمان هەڵەی پێشووی سوودی وەرنەگرت و دواتر پشتیوانییەكی زیاتری سوپای عێراقی كرد، بەڵام ئەوەی پێوەندی بە ڕومادییەوە هەبێت، ئەوا ئەوەندەی من ڕاپۆرتەكانی پەنتاگۆنم خوێندبێتەوە، ئەوا عەبادی بووە كە داوای كردووە سوپا لە ڕومادی شەڕ نەكات، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئێران نایەوێت عێراق سوپایەكی بەهێزی هەبێت، بەڵكو دەیەوێت هێزێكی وەك حەشدی شەعبی بەهێز هەبێت، بەڵام پێدەچێت ئەمریكا ئەوە نەبینێت كە ڕوودەدات و لێوەی فێر نەبێت، لەوەش خراپتر سەرەڕای ئەوەی كورد پشتیوانی ئەمریكایان كردووە لە ساڵی 2003ـەوە- كە لەو كاتەدا توركیای هاوپەیمانیش یارمەتی نەدا- ئەوا ئەمریكا سوپاسگوزار نەبووه.


شاياني باسه بێنگۆ هەروەها گوتی: ئەگەر ئێستا ئێمە باسی دابەشبوونى عێراق بكەین بۆ سێ بەش، كوردستان و شیعەستان و سوننەستان، كوردستان لە هەموویان زیاتر قابیلی ئەوەیە حوكمڕانی باشی تێدا بكرێت، حكومەتێكی بەهێزی هەیە، لەبەر ئەوەی توانای بەرەوپێشچوونیان هەیە و توانیویانە ئاستێكی دیاریكراو لە حوكمڕانی بەدەست بێنن. ئەوەی پێوەندی بە شیعەوە هەبێت، لەبەر ئەوەی خاوەنی هیچ كەلتوورێكی حوكمڕانیكردن نین، بە لای كەمەوە لە عێراقدا، ئەوا خراپترین ڕەفتار دووبارە دەكەنەوە و لاسایی سوننەكان و بەعسییەكان دەكەنەوە و خراپترین هەڵەكانی ئەوانی دیكە دووبارە دەكەنەوە، بەتایبەتی لە پێوەندی بە بیرۆكەی پاراستنی یەكێتی و ئایدیای دەوڵەتەوە، بەڵام شیعە ناتوانێت ئەم كارە بكات، لەبەر ئەوەی هیچ كەلتوورێكی فەرمانڕەوایی و حوكمڕانییان نەبووە زۆر كەس ئومێدی ئەوەی هەبوو كە عەبادی لە سەرۆك وەزیرانی پێشوو باشتر بێت، من پێموا نییە هیچ باشتر بێت لە پێوەندی بە حوكمڕانییەوە. ئەمریكا لەسەر ئەسپێكی هەڵە- ئەسپێكی دۆڕاو- گرەو لەسەر هەموو پارە و سەرجەم هەوڵەكانی دەكات.


لە درێژەی قسەكانیدا ئۆفرا بێنگۆ گوتی: عەبادی هەمان هەڵەی كەسانی پێش خۆی دووبارە دەكاتەوە لە بەرامبەر كورد و سوننەدا، ئەمە لە كاتێكدا بەغدا لە خراپترین بارودۆخدایە و كاراش نییە، بەڵام ئەمریكا پشتیوانی دەكات.

لە كۆتایی قسەكانیدا ئۆفرا گوتی: پێدەچێت بارزانی زۆر جددی بێت لەم بارەی پرسی سەربەخۆبوونی نیشتمانی كوردستانەوە و ئامادەیە بۆ ئەم ئامانجە هەموو كارێك بكات، لەبەر ئەوەی دەیەوێت لە سایەی سەرۆكایەتییەكەی خۆیدا سەربەخۆیی ڕووبدات، چونكە دەیەوێت پیشانی بدات كە سەركردەی نەتەوەكەیە. ئەو زەمینەسازی دەكات بۆ ئەم كارە، ئەمەش بەندە بەوەی دەیەوێت، زۆر چاوەڕێ نەكات. هەر لەبەر ئەوەشە وتم پرسی سەربەخۆیی پێویستی بە سەركردەیەكی خاوەن ڕوئیا و بوێر هەیە و بەلای منەوە ئەم دوو خەسڵەتە لە بارزانیدا كۆبوونەوەتەوە، من ئەمە دەبینم، هەر لەبەر ئەوەیە كە پێموایە دەكرێت ئەمە ڕووبدات، لە ئایندەیەكی دووریشدا نا.




بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1031)
Top