وەزیری دەرەوەی ڕۆمانیا: پێشمەرگە ڕێی لە پێشڕەویەکانی داعش گرت

 وەزیری دەرەوەی ڕۆمانیا: پێشمەرگە ڕێی لە پێشڕەویەکانی داعش گرت
وەزیرى دەرەوەى ڕۆمانیا ستاییشى هێزى پێشمەرگەى کوردستانى کرد بۆ ڕووبەرووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش کە توانییان ڕێ لە پێشڕەویەکانیان بگرن و لە برى هەموو جیهان ئەم شەڕە بکەن.

(فەلاح مستەفا) بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە میانەى سەردانەکەى بۆ وڵاتى سلۆڤاکیا چاوى بە (بۆگدان ئۆرێسکۆ) وەزیرى دەرەوەى ڕۆمانیا کەوت.
لە درێژەى سەردانەکەى بۆ ئەوروپا و بەشداریکردنى لە کۆڕبەندى ئاسایشى نێودەوڵەتى، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەت لەگەڵ وەزیرى دەرەوەى ڕۆمانیا کۆبووە بۆ قسەکردن لەسەر دواین پێشهاتەکانى دۆخى سیاسى و ئاسایشى هەرێمى کوردستان و ناوچەکە بە تایبەتى دواى هێرشەکانى چەکدارانى داعش بۆ سەر خاکى عێراق و داگیرکردنى بەشێک لە ناوچەکانى ناوەڕاستى ئەو وڵاتە.
هاوکات، داواى لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى کرد بۆ پاڵپشتیکردن و هاوکاریکردنى زیاترى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ یارمەتى دانى ئاوارە ناخۆییەکان کە بەهۆى تێکچوونى بارودۆخى عێراق ڕوویان لە هەرێم کردووە. لەم بارەیەوە، ڕایگەیاند کە هەرێمى کوردستان ڕووبەرووى قەیرانێکى دارایی توند بۆتەوە بەهۆى تێکچوونى پەیوەندیەکانى لەگەڵ حکوومەتى ناوەند و نەناردنى بەشە بوودجەى هەرێم لەلایەن بەغداوە.
لەلایەن خۆیەوە، وەزیرى دەرەوەى ڕۆمانیا نیگەرانى خۆى نیشان دا لە تێکچوونى پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکانى عێراق و هەوڵى ئاشتبوونەوەى لایەنەکانى بە گرنگ زانى. پاشان، ستایشى هێزى پێشمەرگەى کوردستانى کرد بۆ ڕووبەرووبوونەوەیان لەگەڵ هێزە چەکدارەکانى داعش کە توانییان ڕێى لە پێشڕەویەکانیان بگرن و لەبرى هەموو جیهان ئەم شەڕە بکەن.
ئاماژەیشی دا بە هەوڵەکانى وڵاتانى هاوپەیمانان و یەکێتى ئەوروپادا بۆ دۆزینەوەى میکانیزمێکى نوێى بۆ کۆکردنەوەى هەموو لایەنە سیاسیەکانى عێراق لە ژێر یەک چەتر بە مەبەستى هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنى ئاشتەوایى نێوانیان.
لە کۆتاییدا، هەردوو لا خەختیان لە پتەوکردنى پەیوەندییە دووقۆڵییەکانى نێوان وڵاتى ڕۆمانیا و هەرێمى کوردستان لەسەر بنەماى پاراستنى هاوبەش کردەوە.
Top