هەنگاریا داوای کردنەوەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە وڵاتەکەی دەکات

 هەنگاریا داوای کردنەوەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە وڵاتەکەی دەکات
وەزیری دەرەوە و بازرگانی هەنگاریا وێڕای بەرزنرخاندنی قارەمانیەتیی هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش، خواستی وڵاتەکەیشی بۆ چارەسەرکردنی ژمارەیەک لە بریندارانی هێزی پێشمەرگە لە هەنگاریا پیشان دا..ئەم وەزیرەی هەنگاریا داوایشی کرد کە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە وڵاتەکەیان بکرێتەوە.

(فەلاح مستەفا) بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ (پیتەر زیچارتۆ) وەزیری دەرەوە و بازرگانیی هەنگاریا، کورتەیەکی سەبارەت بە دۆخی ئێستای سیاسەت و ئاسایشی عێراق و ناوچەکە بە تایبەتی دوای پەرەسەندنەکانی هێزە چەکدارەکانی داعش لە ناوچەکە و داگیرکردنی بەشێکی خاکی عێراق و تێکچوونی بارودۆخی هاوڵاتیان و ئاوارە بوونیان بۆ هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەوروبەر بۆ وەزیری دەرەوە و بازرگانی هەنگاریا باس کرد.

لە دواییدا، ئاماژەی بە تێکچوون و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەند کرد ئەویش بە بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی قەیرانی دارایی لە هەرێم و هاتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی ناوخۆ بۆ هەرێمی کوردستان کە بوونەتە بار بەسەر حکوومەت لە ڕووی دابینکردنی پێداویستیە سەرەتاییەکان بۆیان.

هاوکات، وەزیری دەرەوە و بازرگانی هەنگاریا قارەمانیەتی هێزەکانی پێشمەرگەی لە بەرامبەر چەکدارانی داعش بەرز نرخاند. بۆ ئەم مەبەستە، خواستی وڵاتەکەی بۆ چارەسەرکردنی ژمارەیەک لە بریندارانی هێزی پێشمەرگە لە وڵاتەکەی نیشان دا. پاشان، ئاماژەیشی دا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە فەرماندە و پسپۆری سەربازی وڵاتەکەی لە ڕیزی هێزی هاوپەیمانان بۆ لەناوبردنی چەکدارانی داعش لە ناوچەکە کرد.

لە تەوەرەیەکی تری دیدارەکەدا، وەزیری دەرەوە و بازرگانی هەنگاریا ئاماژەی بە فراوانکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان هەردوو لا کرد. بۆ ئەم مەبەستە، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی هەڵساوە بە دابینکردنی ژمارەیەک کورسی خوێندن بۆ خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی وڵاتەکەی وەکو بەشێک لە پەرەسەندنی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو لا.

بۆ ئەم مەبەستە، وەزیری دەرەوەی هەنگاریا ویستی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ پێشوازیکردن لە کردنەوەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتەکەی بۆ ئەوەی لە نزیکەوە هاوکاری یەکتر بکرێت بۆ پێشخستنی پەیوەندیە دوولایەنەکان لە گشت بوارەکاندا.

لە کۆتایدا، بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم سوپاس و پێزانینی خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە سەرکردایەتی وڵاتی هەنگاریا ڕاگەیاند بە هۆی هاوکاری و پاڵپشتیە بەردەوامەکانی خەڵکی کوردستان و هێزەکان پێشمەرگە بە تایبەتی دوای هێرشەکانی هێزە چەکدارەکانی داعس بۆ سەر خاکی کوردستان و پێشکەشکردنی هاوکاریەکانیان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەی کە ڕوویان لە هەرێم کردووە.
Top