نووسینگەی بەڕێوەبەری كارگێڕی شارۆچكەی بێجی کۆنتڕۆڵکرایەوە

 نووسینگەی بەڕێوەبەری كارگێڕی شارۆچكەی بێجی کۆنتڕۆڵکرایەوە
سەرچاوەیەك لە نووسینگەى راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای سەڵاحەدین كە نەیویست ئاشكرا بكرێت رايگەیاند "هێزێكی سەربە سوپای عێراق بە پاڵپشتی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە نزیك پاڵاوگەی بێجی و مزگەوتی سەرەكی رووبەڕووی چەكدارانی داعش بوونەوە و دوای شەڕێكی توند هێزە ئەمنییەكان نووسینگەی بەڕێوەبەری كارگێڕی شارۆچكەی بێجیان كۆنتڕۆڵكردەوە".

لە 7-ی ئەم مانگە (حوزەیران) هێزە ئەمنییەكان و حەشدی شەعبی شارۆچكەی بێجیان كۆنتڕۆڵكردەوە و ئاڵای عێراقییان لەسەر باڵەخانەی قایمقامیەتی شارۆچكەكە هەڵدا.

لەلایەكی دیكەوە مەروان جبارە، گوتەبێژی ئەنجوومەنی هۆزەكانی پارێزگای سەڵاحەدین لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا گوتی "رێكخراوی داعش 400 خانووی لە گوندی زویەی باكووری شارۆچكەی بێجی تەقاندوەتەوە، وەكو سزادانی بەكۆمەڵی دانیشتوانی ناوچەكە بەو پێیەی بوونی داعش لە ناوچەكەیان رەتدەكەنەوە، لەبەرامبەردا داعش دەیان خێزانی لە ناوچەكە دەركردوون و خانووەكانیشی تەقاندوەتەوە".

جبارە گوتيشی "بەهۆی رەتكردەوەیان لەلایەن خەڵكەكەوە، ناوچەكە رووبەڕووی هەڵمەتێكی ترسناكی چەكدارانی داعش بووەتەوە، داواشی لە حكومەتی عێراق و هێزە ئەمنییەكان كرد، بە زووترین كات داعش لە بێجی دەربكەن و ناوچەی زویە كۆنتڕۆڵبكەنەوە و دانیشتوانەكەی لەدەست داعش رزگاربكەن".

رۆژی پێنجشەمەی رابردوو 18/6/2015 جەعفەر حوسەینی، گوتەبێژی كەتائیبی حیزبوڵڵا گوتی "لە چەند كاژێری داهاتوو كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوی شارۆچكەی بێجی رادەگەیەنین".









رووداو
Top