ئاوارە و پەنابەران، ژمارەی نوێی پێوانەییان تۆمار كرد
بەپێی ڕاپۆرتی كۆمسیۆنی باڵای نێودەوڵەتی بۆ كاروباری پەنابەران كە سەر بە ڕیكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانە، ژمارەی ئەو كەسانەی كە ناچار بە كۆچ و ڕاكردن دەكرێن، تا كۆتایی ٢٠١٤ گەییشتووەتە ٥٩.٥ملیۆن كەس لە هەموو جیهاندا، ئەمەیش ڕێژەیەكی زۆرە.
كۆمسیۆنەكە ئاماژەی داوە، ڕێژەی پەنابەران بەر لە ١٠ ساڵ تەنیا ٣٧.٥ملیۆن كەس ئاوارە بوون، زانیارییشی داوە كە، لە ساڵی ٢٠١٣ـدا بەرزترین ڕیژە تۆمار كراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ـدا ڕۆژانە ٤٢.٥٠٠پەنابەر و كۆچبەر تۆمار كراوە.
كۆمسیاری باڵای پەنابەران (ئەنتۆنیۆ گوتیریس)، ئاماژە بە كورتهێنانی ئاژانسە مرۆییەكانی ننێودەوڵەتی بە ڕۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، "بایی هێندە توانا و پیداویستیمان نییە تا هاوكاریی كۆی پەنابەرانی پێ بكەین."
تۆماری ئەو ڕێژە بەرزەی ئاوارە و پەنابەران لە كاتی سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا وەها لە هەڵكشاندایە كە گەورەترین پرۆسەی وەدەرنان و پەنابەریی دانیشتووانە لە جیهاندا.
كۆمسیۆنی باڵای پەنابەران لە ڕاپۆرتەكەیدا هەروەها ئاماژەی داوە كە، لەم پێنج ساڵەی دواییدا ١٤ قەیران هاتوونەتە ئاراوە كە سێیان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست (سووریا، عێراق و یەمەن)ـن و، هەشتیشیان لە ئەفریقا (لیبیا، مالی، باشووری سوودان، باكووری نێجیریا، ساحل عاج، كۆماری ئەفریقای نێوەڕاست و كۆنگۆی دیموكراتی، هەروەها بۆرۆندی)ـن، یەكێكیش لە ئەورووپا (ئۆكڕاینا) و سێیش لە ئاسیا (قیرغستان و چەند ناوچەیەكی بۆرما و پاكستان)ـن.
