مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران كەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە
(هیڤا میرخان) بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، وای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوت: "وەرگرتنی مۆڵەتی بێمووچە لە 3 ساڵەوە كراوەتە 5 ساڵ و لەمەولا جێبەجێ دەکرێت."
دەیشڵێت: "ئەو مۆڵەتە هەم بۆ حكوومەت باشە هەم بۆ فەرمانبەر؛ ئەو مووچەی دەدرێتە ئەو فەرمانبەرە بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە، هەروەها فەرمانبەران دەتوانن لە كەرتی تایبەت كار بكەن و مووچەیەكی زیاتر پەیدا بکەن و، کارەکەی حکوومەتیشیان لەکیس ناچێت و، بۆیشیان بە خزمەت هەژمار دەكرێت."
(هیڤا) ئاماژەی بەوەش كرد: "ئەو پڕۆژەیە سوودێكی زۆری دەبێت، چونكە پێشتر سێ ساڵ بوو، ئێستا بووەتە 5 ساڵ و بە خزمەتیش هەژمار دەكرێت، کەوابێ فەرمانبەرانی هەرێم زیاتر مۆڵەتی پێنج ساڵە وەربگرن و ڕوو لە كەرتی تایبەت بكەن، ئەوەیش لە بەرژەوەندیی فەرمانبەراندایە".
لای خۆیشیەوە (ئەحمەد عەبدوڕەحمان)، بەرپرسی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارای و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئەو بڕیارە لەمەولا کاری پێ دەکرێت."
