بەریتانیا بەردەوام دەبێت لەھاوکاریکردنی ھێزی پێشمەرگە
لە دیدارێکدا کە بە ئامادەبوونی جۆن میتچێل کونسولی گشتی بەریتانیا لە ھەولێر بە وەکالەت بەڕێوەچوو، دوا پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و عێراق و کوردستان و بەردەوامی شەڕی تیرۆریستانی داعش گفتوگۆ کرا و پڕچەککردنی ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوە و شکاندنی زیاتری داعش بە پێویست دانرا.
لەوبارەوە نێردەی تایبەتی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسایش بۆ ھەرێمی کوردستان باسی لە رۆڵی قارەمانانەی ھێزەکانی پێشمەرگە کرد، کە توانیویەتی شکۆی داعش بشکێنێ و رایگەیاند پێشمەرگە سەلماندی، کە شایەنی ھەموو پشتیوانی و ھاوکارییەکە و مایەی رێز و پێزانینی بەرەی دژ بە تیرۆریستانی داعشە و دەستخۆشی لەو تەناھی و سەقامگیریەش کرد، کە سەرباری شەڕی تیرۆریستان لە کوردستان لە ئارادایە.
ھەر لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی ھەماھەنگی زیاتر بۆ روبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش گۆڕایەوە بەوەی داعش بە تەنھا لەسەر ناوچەکە مەترسی نییە، بەلکو بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری جیھانیش مەترسیە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا جەنەڕاڵ بێکت دووپاتی لە پشتیوانی و ھاوکاری حکوومەتی وڵاتەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان کردەوە، کە وەک بەریتانیا لە یارمەتییەکانیاندا بۆ ھێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبن.
