نزیكه‌ی ١٠ ده‌ ملیۆن دۆلار بۆ خوێندکارانى تواناسازی دابین كرا

 نزیكه‌ی ١٠ ده‌ ملیۆن دۆلار بۆ خوێندکارانى تواناسازی دابین كرا
(د.جوان جه‌لال شه‌ریف) به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی نێردراوان و په‌یوه‌ندییه‌ ڕۆشنبیرییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: "به‌ هه‌وڵ و ماندوبوونی زۆری سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى و، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوورى توانرا بڕی (9804331) وەک شایستە داراییەکان بۆ خوێندكارانى تواناسازى دابین بكرێت".

بەپێی ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی نێردراوان و په‌یوه‌ندییه‌ ڕۆشنبیرییه‌كان ئاماژه‌یشی داوە، كه‌ ‌ دابینكردنی ئه‌و بڕه‌پاره‌یه‌ له‌كاتێكدایه‌ کە هه‌رێمی كوردستان له‌ قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی داراییدایە، گوتیشی "خه‌می ژیان و خوێندنی خوێندکاران به ‌ئاستێكی به‌رز له ‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات، لە ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانی حكوومه‌ت و وه‌زاره‌ت سه‌یر ده‌كرێت".
(د.جوان جه‌لال شه‌ریف) ڕوونی کردەوە: "ته‌مویله‌كه‌ ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ردراوه‌ و ده‌توانین سه‌رجه‌م پاره‌ی شایسته‌یی خوێندكاران، تا مانگی مایسی 2015 بەسەر خوێندکارانى تواناسازیدا دابەش بکەین"، جەختیشی کردەوە کە لە ئایندەیەکى نزیکدا لیستى ناوى خویندکاران کە شایستە داراییەکان دەیانگرێتەوە بڵاو دەکەنەوە.
Top