حدکا و پەکەکە سێیەم کۆبوونەوە ساز ده‌ده‌ن

 حدکا و پەکەکە سێیەم کۆبوونەوە ساز ده‌ده‌ن
بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت، بڕیارە بەم نزیکانە جارێکی دیکە پەکەکە و حدک لەبارەی کێشەی نێوانیان کۆ ببنەوە و تێیدا ھەنگاوی پراکتیکی بنێن و بگەنە رێککەوتن.

لە دووەم کۆبوونەوەی نێوان پەکەکە و حدک بڕیار درا بە زووترین کات جارێکی دیکە لەبارەی کێشەکانی نێوانیان کۆ ببنەوە، (محەممەد ساڵح) بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بڕایر بوو حەفتەیەک تا ١٠رۆژ زیاتر نەخایەنێت، بەڵام هێشتا وادەی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە و، ھەرکاتێک ئەوان ئامادە بن ئێمە کێشەمان نییە و ئامادەین بۆ کۆبوونەوە."


(ساڵح) گوتیشی: "له‌ کۆبوونەوەی ئەمجارەدا ھەنگاوی پراکتیکی دەنێین و پێویستە بگەینە رێککەوتنێک لەبارەی کێشەکانەوە، چونکە لە کۆبوونەوەکانی پێشووتر زۆر شت باس کراون، بۆیە لە کۆبوونەوەی ئەم جارەدا رێککەوتن دەکرێت، چونكه‌ بەفیرۆدانی کات باش نییە و لە بەرژوەندی ھیچ لایەنێکدا نییە."

بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران گوتیشى: "تاوەکو ئێستا ھێزەکانی ھەردوولا لە شوێنی خۆیان ماون و نەکشاونەتەوە، بەڵام خۆشبەختانە لە دوای دەستپێکردنی کۆبوونەوەی نێوان ھەردوولا، هیچ شەڕ و گرژیێک نەبووە و ھیچ حاڵەتێکی نەخوازراو رووینەداوە."

ماوەیەکی پێش ئێستا شەڕ لەنێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و چه‌كدارانى پەکەکە روویدا و پەکەکە بۆردوومانی پێشمەرگەکانی دیموکراتی کرد و لە ئاکامدا پێشمەرگەیەک شەھید بوو و سێی دیکەیش بریندار بوون، دواتر بە دەستپێشخەریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەردوو لایەن دوو کۆبوونەوەیان ئەنجام داون و بڕیارە بەم نزیکانەیش سێیەم کۆبوونەوەیان، کە وەک دەگوترێ بۆ بەکردەییکردنی ئەوەی لەبارەیەە کۆکن، ساز بدەن.
Top