هێنانى كورسیى پاپاى کڵێساكانى ڕۆژهه‌ڵات بۆ هه‌ولێر پێگه‌ى سیاسیى كوردستان به‌هێز ده‌كات
له چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا شاندێكی كڵێسای ڕۆژهه‌ڵاتی ئاشووری، سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان كرد و له‌گه‌ڵ سەرۆك بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كۆ بوونه‌وه و پێشتریش لە دهۆک، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەت کۆ بووبوونەوە.
به‌پێى زانیارییه‌كان، شانده‌كه به سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانیان ڕاگه‌یاندووه، كه له مانگی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵدا له هه‌ولێر، هه‌ڵبژاردن بۆ جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ قه‌داسه‌تی پاتریارك، مار دنخای چواره‌م، سه‌رۆكی كۆچكردووی كڵێسای ئاشووریی ڕۆژهه‌ڵات به‌ڕێوه ده‌چێت و كورسیی سه‌رۆكی كڵێسای ئاشووریی ڕۆژهه‌ڵاتیش، له ئه‌مریكاوه ده‌گوازرێته‌وه بۆ هه‌ولێر. ئه‌وه‌شی به ڕووداوێكی گرنگ بۆ كوردستان و ئاشوورییه‌كانی جیهان، له قه‌ڵه‌م دا.
له به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ شاندى میوان جه‌ختی له‌وه كردووه‌ته‌وه، كه كوردستان نیشتیمانی هه‌موانه و پێویسته هه‌موو لایه‌ك تێیدا به ئازادی و سه‌ربه‌رزی بژین.
خالید ئه‌لبێر، به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى مه‌سیحییه‌كان له وه‌زاره‌تى ئه‌وقافى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رايگەیاند، هێنانى كورسیى قه‌داسه‌تى پاتریارك بۆ هه‌ولێر، بابه‌تێكى مێژووییه و گرنگى زۆریشى بۆ پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت و گوتى: “نزیكه‌ى 51 ساڵه، ئەوکاتەی پەتریارکی هەردوو کڵێسا‌ی مەشرقی ئاشووری کۆچی دوایی کرد، كڵێسا له ڕۆژهه‌ڵات ئینشیقاقى تێكه‌وت. كڵێساى شه‌رقییه قه‌دیمه، كه پاتریارکهكهى ناوى (مهڕئهدیه)یه و له به‌غدایه، ئێستاش کە بڕیاره كڵێساى مهشرقى ئاشوورى له ئه‌مریكاوه بێته هه‌ولێر، وا بڕیاره هه‌ردوو كڵێساکەش یه‌ك بگرنه‌وه، هاوکات كورسییەكهشى كه له سه‌رده‌مى ڕژێمه‌كانى پێشووی عێراق به‌جێ هێشت و رۆیشته ئێران و دواتر ئه‌مریكا، وا بڕیاره له هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى به‌غدا یه‌ك بگرنه‌وه و له هه‌ولێر هه‌ڵبژاردن بۆ قه‌داسه‌تی پاتریارك بكرێت”.
ئه‌و به‌رپرسه‌ى كاروبارى مه‌سیحییه‌كان ئه‌وه‌شى ئاشكرا كرد، له مانگى (9)ى ئه‌مساڵدا هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌و كورسییه ده‌كرێت و به دواى ئه‌وه‌شدا قه‌داسه‌تی پاتریاركى هه‌ڵبژێردراو له هه‌ولێر ده‌بێت، كه ئێستا شوێن و جێگه‌یه‌كى گه‌وره‌ى بۆ کڵێساکەی له سه‌ر شه‌قامى 100 مه‌ترى هه‌ولێر بۆ دیاری کراوە، کە ڕووبه‌رى زه‌وییه‌كه‌ى نزیكه‌ى 7 دۆنم ده‌بێت.
ئەلبێر گوتیشى: “ئه‌و كڵێسا نوێیه‌ى مه‌سیحییه‌كان لە هه‌ولێر، ته‌حه‌دایه‌كى گه‌وره‌یه و ده‌ریده‌خات کە له ڕووى بەیەکەوەژیانى ئایینى، هه‌رێمى كوردستان چه‌نده شوێنێكى ئارامه. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات مه‌سیحییه ئاوارة و كۆچكردووهكانیش بگه‌ڕێنه‌وه”.
هێماى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، کە هێنانی ئه‌و كورسییه مانایه‌كى زۆر هه‌ڵده‌گرێت و له ڕووى سیاسى و ئه‌منی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌ریده‌خات كه هه‌رێمى كوردستان له ئاستێكى پێشكه‌وتوودایه، بەتایبەتی ئێستا كه له شه‌ڕى داعشدایه.
باس‌نیوز
