حکوومەتی ھەرێم بڕیاری نه‌هێشتنی زێدەڕۆیییەکانی سەر موڵکی گشتی دەدا

حکوومەتی ھەرێم بڕیاری نه‌هێشتنی زێدەڕۆیییەکانی سەر موڵکی گشتی دەدا
لە نوێترین بڕیاریدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەرجەم ئەو زێدەڕۆییانە تێک دەدات کە لە ماوەی رابردوودا لە سنووری ھەرسێ پارێزگاکەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان کراوەتەوە سەر موڵکی گشتی.


بەپێی فەرمانی ژمارە (3543) لە رێکەوتی (30-4-2015)ی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، نوێترین فەرمان لەبارەی زەوییەکانی شارەوانی و کشتوکاڵ و گرێبەستەکان دەرچووە، کە لە ماوەی رابردوودا لەلایەن ھاووڵاتیان و بەرپرسانەوە زێدەڕۆییان کراوەتەوە سەر.


لەو فەرمانەدا ھاتووە “وەزارەتەکانی شارەوانی و گەشتوگوزار، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دارایی و ئابووری، سامانە سروشتییەکان بە ھەماھەنگی لەگەڵ پارێزگارەکان و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکاندا، کاری پێویست ئەنجام دەدەن بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی ورد لەسەر تەواوی موڵکەکانی گشتی و ئەو زیدەڕۆییانەی لەسەریان ئەنجام دراوە”.


ھەروەھا لە بەشێکی تری فەرمانەکەی سەرۆکایەتیی حکوومەتدا، باس لە دروستکردنی ھێزێکی تایبەت بە تێکدانی زێدەڕۆییەکان دەکات، کە بودجەیان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ دابین دەکرێ: “ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە و دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، ھێزێکی تایبەتی ھاوبەش پێک دەھێنن بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری لابردن و تیکدانی زیدەڕۆییەکان لەسەر زەوی و زاری گشتی و لابردنی سەرجەم ئەو بینا و سیم و تەڵبەندانەی کە کراوە لەسەر زەویی دارستان و پاوان بە شێوەیەکی زێدەڕۆیی، بە ھەماھەنگیی پارێزگار و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان وەزارەتی دارایی و ئابووریش بودجەیەکی تایبەتی گونجاو تەرخان دەکات دەسەڵاتی خەرجکردنی دەدرێتە پارێزگارەکان و سەپەرشتیاری ھەردوو ئیدارە گەرمیان و راپەڕین”.





























باسنيوز
Top