فەرماندەیەكی پێشمەرگە ئێزدییەکان: پێویستمان بە هێزێكی دیکەی ئافرەتان نییە

فەرماندەیەكی پێشمەرگە ئێزدییەکان: پێویستمان بە هێزێكی دیکەی ئافرەتان نییە
فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە شنگال ڕایگەیاند، دامەزراندنی هێزێكی تایبەت بە ژنان لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK)ەوە ڕەت دەكەینەوە، چونكە پێویستیمان بە هیچ هێزێكی دیكە نییە، چۆنکە پێشمەرگە شنگالی پاراستووە و بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ئەو سنوورە.

دوای ئەوەی دوێنێ شەممە (13.6.2015). ماڵپەری (ڕۆژنیوز) ی سەر بە پەكەكە، بڵاوی كردووەتەوە كە بۆ تۆڵەسەندنەوە و پاراستنی ژنانی ئێزدی لەژێر دەستی ڕێكخراوی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، (یەپەژە)یان دامەزراندووە لە بەرامبەردا، فەرماندەیەكی پێشمەرگەی كوردانی ئێزدی ئەم جۆرە هێزانە رەت دەكاتەوە و دەڵێ بە پێویستیان نازانێت، چونكە هێزی پێشمەرگە هەن كە بەرگری لە كوردانی ئێزدی دەكەن.

لەو بارەیەوە “مەحما خەلیل” یەكێك لە فەرماندەكانی پێشمەرگەی كوردانی ئێزدی لە شنگال ڕاگەیاند، دامەزراندنی هێزێكی ئاسایش لە ئافرەت بۆ پاراستنی كوردانی ئێزدی لەلایەن پەكەكەوە لە شنگال بە هەموو شێوەیەك رەتی دەكەینەوە.

گوتیشی: چونكە كوردانی ئێزدی جیالە هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێویستیان بە هیچ هێزێكی دیكە نییە. جیالەوەش گەر پێویست بە پێكهێنانی هێز بكرێت، ئەوا لە چوارچێوەی وەزراەتی پێشمەرگەی كوردستاندا هێزی زیاتر لە خەڵكی شنگال پێكدەهێنرێت.

ئەوەشی ئاشكرا كرد، دامەزراندنی هێزی یەپەژە ناكەوێتە چوارچێوەیەكی یاسایی، چونكە دەستووری عێراق ڕێگا بە دروستكردنی ئەم جۆرە هێزانە نادات.
































باسنیوز
Top