وەزارەتی پێشمەرگە دەرگای ناونووسینی بۆ خۆبەخشان کردەوە

 وەزارەتی پێشمەرگە دەرگای ناونووسینی بۆ خۆبەخشان کردەوە
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند دوو لیوای پێشمەرگە دادەمەزرێنن و دەرگای بەسەر ئەو کەسانەشدا کردەوە، کە دەیانەوێت وەکو خۆبەخش لە ریزی ئەو دوو لیوایەدا خزمەت بکەن و کاتی دەستپێکردنی ناونووسینەکەشی دیاری کرد.

لە راگەیێندراوێکی رۆژنامەوانیدا فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە و گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی پاراستنی هەرێم رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری تاکەکان و خۆبەخشەکانی سەر بە وەزارتی پێشمەرگە، لە ماوەی دیاریکراوی نێوان رۆژانی (14/6/2015) تا (14/7/2015) بانگەشەی کردنەوەی دەروازەی خۆبەخشین دەکاتەوە لە بنکەکانی خۆبەخشینی پێشمەرگەیی لە شارەکانی دهۆک، هەولێر، کەرکووک و سلێمانی. بۆ دامەزراندنی ئەو هاونیشتمانیانەی کە دەیانەوێت ئارەزوومەندانە لەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە بە پیشەی پێشمەرگە دابمەزرێن".

لە راگەیێندراوەکەدا ئەو مەرجانە خراونەتە روو ، کە پێویستە هەبن بۆ وەرگرتنی خۆبەخشان :

1- هاووڵاتی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بێت .

2- تەمەنی لە هەژدە ساڵ کەمتر نەبێت و لە سی ساڵ زیاتر نەبێت .

3-خوڕەوشتی بەرز و هەڵسوکەوتی باشی هەبێت و بەهیچ تاوانێک و کەتنێکی ئابڕووبەر سزا نەدرابێت .

4- مەرجەکانی جەستەی شیاوی تێپەراندبێت و تەندروستی باشی هەبێت، لە تاقیکردنەوەی پزیشکی دەربچێت و باڵای لە (165) سانتیمەتر کەمتر نەبێت و کێشی لە (55) کیلۆ گرام کەمتر نەبێت .

5- لایەنی کەم دەرچووی پۆلی(6)شەشی بنەڕەتی خوێندن بێت .

6- بەڵێن واژو بکات، کە بەهیچ شێوەیەک کار و چالاکی حزبی لەنێو ریزەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستاندا نەکات .

7- کەفالەتێکی یاسایی بە بڕی (3,000,000) سێ ملیۆن دینار بدات کە بە لایەنی کەم بۆ ماوەی (8) هەشت ساڵ لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا خزمەت بکات .

8- هەر خۆبەخشێک دوچاری هەر کێشەیەکی وەرگرتن ببێت لە بنکەکانی خۆبەخش با داواکارییەک ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە بکات .

ئەو بەڵگانەی کە مەرجە هاونیشتمانی خۆبەخش هەیبێت لەکاتی سەردانی بنکەکانی خۆبەخشی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە شارەکانی دهۆک، هەولێر، کەرکووک و سلێمانی-دا بریتین لەمانەی خوارەوە :

1- داوایەکی نوسراوی ئارەزوومەندانەی واژۆکراو بەناوی چوارینە و ناونیشانی نیشتەجێبوونی تەواو و ژمارەی تەلەفونی خودی داواکار بۆ هاتنە نێو ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگە کوردستان.

2- بەڵگەنامەی خوێندنی ساخکراو (مصدق) لەلایەن قوتابخانە و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە (ئەصلی و کۆپی).

3- بەڵگەنامەی باری شارستانێتی (ئەصلی و دوو کۆپی) .

4- بەڵگەنامەی رەگەزنامە (ئەصلی و دوو کۆپی).
5- کارتی زانیاری نیشتەجێبوون (ئەصلی و دوو کۆپی).
6- فۆرمی خۆراک (ئەصلی و دوو کۆپی).
7- دوانزە وێنەی رەنگاوڕەنگ .








رووداو
Top