دەمیرتاش: داعش لە پشتەوەی تەقینەوەکانەوە بووە
بە هۆی دوو تەقینەوەکەی ئامەدەوە کە بە گوتەی (دەمیرتاش) داعش لە پشتەوەی بووە، ٢ کەس گیانیان لە دەست دا و دەیانی دیکەیش بریندار بوون.
مێدیاکانی تورکیایش بڵاویان کردەوە کە قوربانیانی تەقینەوەکان بوون بە ٣ کەس، هەڵبەت وەک دەڵێن کەسی سێیەمیان دوێنی دووشەممە گیانی لە دەست داوە، هەروەها لانی کەم ٢٠٠ کەسی دیکەیش بریندار بوون.
(سەڵاحەددین دەمیرتاش)هەروەها دەڵێ، هێرشێک و دوو تەقینەوەی دیکە لە مانگی ئایاردا بارەگاکانی (هەدەپە)ـیان کردووەتە ئامانج بەڵام قوربانی لێ نەکەوتەوە، پێوەندییان بە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعشەوە هەیە.
(سەڵاحەددین دەمیرتاش) بۆ کاناڵی 'سی ئێن ئێن' ڕوونی دەکاتەوە، هێرشەکانی ئەدەنە و مێرسین کەسێک ئەنجامی داون و بەم دواییە لە نێو داعشەکانی سووریا بووە. هەروەها کەسی دووەمیش کە دەستی لە تەقینەوەکەی سێیەمدا هەبووە هەر پێوەندی بە داعشەوە هەبووە.
بەڵام (دەمیرتاش) نەیدرکاندووە کە ئەم زانیاریانەی لە کوێوە پێ گەیشتووە و ئەو بەڵگانەیش چین کە پشتی پێ بەستوون؛ لە هەمان کاتدا گلەییشی لە هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی کرد کە نەیانتوانیوە بەر بە هێرشەکان بگرن.
هاوسەرۆکی هەدەپە هاوکات حکوومەتی تورکیایشی بە پشتیوانیکردن لە داعش لە شەڕی کۆبانی تۆمەتبار کرد و هەر لەو دیدارە تەلەڤزیۆنییەدا گوتی، حکوومەتی دادێ، گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئانکارا بەرانبەر بە سووریا دێنێتە ئاراوە. ئەمەیش لە کاتێکدایە کە تورکیا ڕەتی دەکاتەوە کە هیچ پێوەندیێکی بە ڕێکخراوی داعشەوە هەبێ و هەیشبووبێ.
(دەمیرتاش) زیاتر گوتی، حکوومەتی هاوپەیمانی لە توانایدا نابێ پێوەندی لەگەڵ گرووپی هاوشێوەی داعش و هیی دیکەیشدا هەبێ.
