جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا سەرسامی خۆی بە ئازایەتی پێشـەرگە دەربڕی
ئەمڕۆ سێشەممە 8/6/2015 دیدیەر رەیەندێر، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە و کاروباری یەکێتی ئەوروپای وڵاتی بەلجیكا گەیشتە هەولێر و یەکەمین کۆبوونەوەشی لەگەڵ فەلاح مستەفا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و نوێنەری پێکهاتەکانی کوردستان ئەنجام دا.
لەدوای تەوابوونی کۆبوونەوەکەش، فەلاح مستەفا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ئاشكرایکرد، کە لەگەڵ رەیەندێر باسییان لە بارودۆخی بەرەکانی شەڕی رووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە لەگەڵ چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) کردووە، هەروەک باسیانشیان لە باری قورسی سەرشانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بەهۆی شەڕی داعش و هاتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە بۆ هەرێمی کوردستان. مستەفا ئاشكراشی کرد کە باسکردن لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان بووە، جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکاش لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانیش کۆبووەتەوە.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا گوتی ”ئێمە زۆر سەرسامین بە قارەمانییەتی و بەرگری پێشمەرگە و هەماهەنگییان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام. بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە هەموو جیهان بزانێت کە ئەو هاوکارییە لەنێوانمان هەیە، بۆ ئەوەیە هاوکاری زیاتری پێشمەرگە بکرێت“.
دووپاتیشیکردەوە ”پێویستە هەموو جیهان ئەوە بزانێت، کە داعش تەنای هەڕەشە نییە بۆسەر کوردستان و ناوچەکە، بەڵکو هەڕەشەییە بۆ سەر هەموو جیهان و پێویستە هەموو هاوکاری یەک بین بۆ لەناوبردنی داعش“.
لەبارەی رەوشی پەنابەرانیشەوە رەیەندێر ”پێشوازی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو ژمارە زۆرەی پەنابەران و جێگەکردنەوەیان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان زۆر دڵخۆشکەرە، لێرە رێزیش لە هەموو پێکهاتەکان گیراوە، تایبەتمەندییەکانیان لەبەرچاوگیراوە، بەبێ جیاوازی هاوکاری هەمووان کراوە“.
لەبارەی پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان گوتی ”دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەل حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرەپێبدەین و بەردەوامیش دەبین لە هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی و هاوکاریکردنی کوردستان و ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە کوردستان“ دووپاتیشیکردەوە ”دەشمانەوێت دوای تەوابوونی شەڕ ەل هاوکاریکردنی زیاتری هەرێمی کوردستان بەردەوام بین بۆ بەرەو پێشچوونی ئەو وڵاتە و رێکخستنی پەیوەندییەکانی بازرگانی نێوان بەلجیکا و کوردستان و هاندانی خەڵکی وڵاتەکە بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە کوردستان“.
لەکۆتایی قسەکانیش دووبارە باسی لە ئازایەتی پێشمەرگە و شەڕکردنی لەگەڵ داعش کردەوە و سەرسامی خۆی بە ئازایەتی پێشـەرگە دەربڕی و سوپاسی پێشوازیکردنیش کرد.
باسنیوز یەکەمین میدیای کوردی بوو، کە ئاشکرای کرد دیدیەر رەیەندێر، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە و کاروباری یەکێتی ئەوروپای وڵاتی بەلجیكا، بە سەردانێكی فەرمی دەگاتە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە.
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا راگەیاندبوو، كە لە سەردانەكەی دا بۆ هەرێمی كوردستان؛ وەزیری دەرەوەی بەلجیكا وێرای دیدار و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەردانی هێزەكانی پێشمەرگە بكات و لە رەوشی هێڵەكانی بەرگری لەگەڵ داعش دەکۆڵێتەوە.
ئاژگەیی راشیگەیاندبوو، كە وەزیری دەرەوەی بەلجیكا پێش سەردانەكەی بۆ هەولێر سەردانی ئوردن دەكا و لەوێ چاوی بە شا عەبدوڵڵای کوڕی حوسێن پادشای ئەو وڵاتە دەكەوێت و هێزە ئاسمانییەكانی بەلجیكاش لەو وڵاتە بەسەر دەكاتەوە.
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاندوە، كە سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی بەلجیكا تەنیا بۆ هەولێر دەبێت و بەرنامەی سەردانەکەی بەغدای پایتەختی عێراق لە خۆ ناگرێت.
دیدەر رەیندێر، سیاسەتڤانێکی بەناودەنگی بەلجیکایە، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری کارووباری دەرەوە و یەکێتی ئەوروپایە، پێشووتریش وەزیری دارایی بووە، لە ساڵی 2011 بەدواوە بووەتە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە. لەدایکبووی سالێ 1958 و لە حیزبی بزووتنەوەی ریفۆرمخوازە.
باسنيوز
