نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی كۆ بووەوە

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی كۆ بووەوە
جێگری سەرۆکی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی ڕێز و پێزانینی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بۆ ئەندامان و كادیران و بەرپرسانی حزب لە سنووری پارێزگای سلێمانی دووپات كردەوە.

دوای نێوەڕۆی ئەمڕۆ 8/6/2015 (نێچیرڤان بارزانی) جێگری سەرۆكی پارتیی دیموكراتی كوردستان سەردانی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتیی دیموكراتی كوردستانی لە سلێمانی كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی و بەرپرسان و كارگێڕان و ئەندامانی لقەكانی سنووری ئەنجومەنی سەركرایەتی سلێمانی پارتی كە لە هەریەك لە لقەكانی چوار و یازد و دوازدە و بیست و یەك پێكدێ ، ڕەوش و پێشهاتەكانی ئەمڕۆی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر خرایە بەر باس و تاوتوێ كرا كە پێشمەرگە ڕۆڵێكی قارەمانانە تێیدا دەگێڕێت و بەرەنگاری دڕندەترین ڕێكخراوی تیرۆر و تاریكی لە جیهان دەبێتەوە.

هەروەها تیشك خرایە سەر ڕۆڵی ئەندامان و كادیران و ڕێكخستنەكانی حزب لە بەرزكردنەوەی گیانی بەرگریی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە قوناغی ئێستادا. لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆكی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕێز و پێزانینی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بۆ ئەندامان و كادیران و بەرپرسانی حزب لە سنووری پارێزگای سلێمانی دووپات كردەوە.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا بەرپرسانی لقەكانی سنووری ئەنجومەنی سەركردایەتی پارێزگای سلێمانی چەندین سەرنج و تێبینیان دەربارەی كار و ئەركی حزبایەتی لە سنووری ناوچەكە و ئەو كێشانەی كە دێنە بەردەم كار و چاڵاكییەكانیان و چۆنییەتی چارەكردنیان، بۆ جێگری سەرۆكی پارتی خستەڕوو و هەروەها میكانزمی چارەكردنی كێشەكان و زیاتر بەرەوپێشبردنی كاری حزبایەتی و ڕێكخستنەكانی پارتی لە ناوچەكە، تاوتوێ كرا.
Top