حكوومەتی هەرێمی پشتگیری لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكات

حكوومەتی هەرێمی پشتگیری لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكات
ئەمڕۆ یەكشەممە 7/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە یاوەری بەڕێزان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، سەردانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كرد.

لە وتەیەكدا بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وێڕای بەخێرهێنانی بەڕێز سەرۆك وەزیران و شاندی یاوەری، هەروەها تیشكی خستە سەر كار و چالاكییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بە تایبەتی ئاماژەی بەوە دا كە ئەنجومەنی پارێزگاكەیان بە گیانی پێكەوە كار كردن و وەكو تیمێك بۆ خزمەتی شاری سلێمانی و سنوری پارێزگاكە بە شێوەیەكی گشتی كار دەكەن.

دواتر هەریەكە لە بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی چەندین داواكاری و سەرنج و تێبینیان لەسەر كەرتە خزمەتگوزارییەكان لە بوارەكانی پەروەردە، تەندروستی، گشتوكاڵ، ئاو و كارەبا و ڕێگاوبان و تەواوی كەرتەكانی دیكەی خزمەتگوزاری خستە ڕوو و داوایان كرد كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیری لە ئەنجومەنی پارێزگا و كار و پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری سنوری پارێزگای سلێمانی بە گشتی بكات. هەروەك تیشكیان خستە سەر كۆمەڵێك گیروگرفتی وەك كێشەی زیادەڕۆیی لەسەر زەوی كشتوكاڵی و دروستكردنی خانوبەرە بە زیادەڕۆیی و كێشەی نەمانی پارە لە بانقەكان و چەندین كێشەی دیكە.

لای خۆیەوە هەریەكە لە بەڕێزان سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی و ئابووری وەڵامی یەك بە یەكەی پرسیار و سەرنج و تێبینی بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیان دایەوە.

لە كۆتاییدا هەریەكە لە بەڕێزان سەرۆك وەزیران و جێگری سەرۆك وەزیران دووپاتیان كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكات و لەگەڵ چارەسەربوونی قەیرانی داراییش كۆمەڵێك لە داخوازییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكرێنە ئەولەویاتی كاری حكوومەت بۆئەوەی لە زووترین كاتدا جێبەجێ بكرێن بە تایبەتی ئەوانەی كە پەیوەندییان بە نەمانی پارە لە بانقەكان و ئەو پرۆژانەوە هەیە كە ڕێژەیەكی زۆریان لێ ئەنجامدراوە و چاوەڕێی پارەداركردنی بەشەكانی كۆتایین بۆ ئەوەی بكەونە خزمەتی هاوڵاتیان و ناوچەكەوە.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەروەها خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو گیانی تەبایی و پێكەوە كاركردنەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەربڕی كە وەك تیمێك پێكەوە كار دەكەن و پشتیوانی خۆی و سەرۆكایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ دووپات كردنەوە و پیرۆزباییی لێ كردن و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن.
Top