عەنتاب.. شەڕ لەنێوان پۆلیس و دەنگدەران روویدا
رووداوەکە لەوەوە سەریهەڵداوە کە شەش کەس ئەگەرچی دانیشتووی ئەو ناوچەیە نەبوون، کە سندووقی ژمارە 1121ی تێدا دانراوە، بەڵام ناویان هەبووە، دواتر لەلایەن کارمەندانی هەڵبژاردن رێگرییان لێکراوە، یەکێک لەو شەش کەسە دەنگی داوە و پێنج کەسەکەی دیکەش رێگریان لێکراوە، ئەمەش ناڕەزایی دەنگدەران و لایەنگرانی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا MHP ی لێکەوتەوە.
ناڕازییەکان ویستیان بچنە نێو بنکەی دەنگدان، بەڵام پۆلیس رێگری لێکردن و بە گازی فرمێسکڕێژ بەرپەرچیدانەوە. د. ئومید ئۆزداغ، پاڵێوراوی MHP و محەممەد شەکەر، پاڵێوراوی CHP گەیشتنە شوێنی رووداوەکە.
مەزینە ساریکایا، کە پاڵێوراوێکی دیکەیMHP یە گوتی:"پۆلیسەکان هەوڵیاندا بمانکەنە دەرەوە، گوتم، کە من پاڵێوراوم، پۆلیسەکە گوتی من ئەگەر هەر کەسێک دەربکەم، ئەگەر پاڵێوراوی ئاکەپەش بێت دەریدەکەم، دواتر بە دەست منی پاڵدا و گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا".
پارێزەر محەممەد دەڤەجی، لەبارەی رووداوەکەوە روونکردنەوەیەکی دایە دەزگاکانی راگەیاندن و گوتی: "ئەو 5 کەسەی دیکە، کە هاتبوون دەنگ بدەن رایانکرد، ئەمە تەنیا لەو بنکەیە نییە، لە چەند بنکەیەکی دیکەش کەسی وا هەیە، کە نیشتەجێی ناوچەکە نییە و ناوی هەیە".
رووداو
