دوو بەندكراوی سیاسیی كورد بۆ زیندانی ناوەندیی مەهاباد راگوێزران
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، چەند ڕۆژ لەمەوبەر “كەریم ئابراهام” بەندكراوی سیاسیی كورد لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و “مەسعوود گەرمەسێری”ش لە زیندانی نەغەدەوە، ڕاپێچی زیندانی مەهاباد كران.
نزیكەی 40 رۆژ لەمەوبەر كەریم ئابراهام زیندانیی سیاسیی كورد، بە تۆمەتی هاوكاریی لەگەڵ پارتێكی دژبەری كۆماری ئیسلامی ، دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرایەوە، ناوبراو پاش زیاتر لە مانگێك مانەوە لەم ئیدارەیە، ڕاپێچی زیندانی مەهاباد كراوە و لە كاتێكدا كە هەروا بە شێوەی كاتی دەستبەسەر كراوە، چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی دادگاە و ڕوون بوونەوەی چارەنووسی خۆیەتی.
هەروەها مەسعوود “گەرمەسێری”ش كە رێكەوتی 15 ـ 2 ـ 2015 بە تۆمەتی هاوكاری كردن لەگەڵ پارتێكی كوردیی دژبەری حكوومەتی ئێران دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی “نەغەدە” گوێزرابووەوە، پاش لێكۆڵینەوە ڕاپێچی زیندانی نەغەدە كرابوو، بەڵام ئەویش چەند ڕۆژ لەمەوبەر بۆ زیندانی مەهاباد گەڕێنراوەتەوە.
شایانی باسە كە ناوبراویش بەبێ حوكمی قەزایی، لە زیندانی مەهاباد بە شێوەی كاتی دەستبەسەر كراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی كۆڕی چالاكانی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران، زیندانی مەهاباد زیندانێكی بچووكە كە نزیكەی 750 زیندانی تێدالێ ڕاگیراوە كە بە پێچەوانەی ئەسڵی جیاكردنەوەی تاوانەكانە، جیا لەو 750 كەسە نزیكەی 150 زیندانیی سیاسیی دیكەش كەلە مانگی رابردوودا لەسەر رووداوەكەی مەهاباد گیراون، لەم زیندانە و ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و مەهاباد بەند كراون و چارەنووسی بەشێكیان نادیارە.
باسنیوز
