سەرۆك بارزانی بەشداریی لە یادی ڕۆژی لەدایكبوونی شاژنی بریتانیا كرد
لەو مەراسیمەدا كە ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئیداری و سیاسیی هەرێم و كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی بیانی لە هەولێر ئامادەی بوون دوای خولەكێك وەستان بۆ گیانی شەهیدان و خوێندنەوەی سروودی بریتانیا و عێراق و كوردستان، ئەنگوس مكی كونسوڵی بریتانیا لە هەولێر لە وتارێكدا بەخێرهاتنی سەرۆك بارزانی و میوانەكانی كرد و ڕۆشنایی خستەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا و جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی جێگەی بایەخێكی زۆرە. لە درێژەی قسەكانیشیدا باسی لە هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان هەردوولا لەبواری ئابووری و مرۆیی و هەروەها هەماهەنگیی نێوان سوپای بریتانیا و هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستان بەرز نرخاند. پاشان وتاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەن كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ پێشكەش كرا و تێیدا جەخت لە بایەخی دۆستایەتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی بریتانیا و فراوانتربوونی ئەو پەیوەندییانە كرایەوە.
لە بەشێكی مەراسیمەكەدا سەرۆك بارزانی لە نزیكەوە هەواڵی ئەو ئەفسەرە بریتانیانەی پرسی كە لە مەراسیمەكەدا ئامادەبوون كە ئەركی مەشق و ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگەیان لەسەر شانە و وێڕای دەستخۆشی و سوپاسكردنیان هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن.
