نێچیرڤان بارزانی: پاشەڕۆژێكی گەش چاوەڕێی كوردستان دەكات

نێچیرڤان بارزانی: پاشەڕۆژێكی گەش چاوەڕێی كوردستان دەكات
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 3/6/2015 نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بارەگای لقی 8ی پارتی لە زاخۆ لەگەڵ ژمارەیەك لە پیاوماقوڵان و خەباتكارانی شۆڕشەكانی كوردستان دیدارێكی ئەنجام دا

لە دیدارەكەدا نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵی خەڵكی زاخۆ و دەوروبەری لە شۆڕشەكانی كوردستاندا بەرز نرخاند و دەستكەوتەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستانی لە ئەنجامی خەبات و تێكۆشان و قوربانیدانی ئەوان و شەهیدانی ناوچەكە و تەواوی كوردستان لە قەڵەمدا. هەروەها تیشكی خستە سەر بارودۆخی ئەمڕۆی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆ، لەمبارەیەشەوە ئاماژەی بە ڕۆڵی ناوچەی زاخۆ و قوربانیدانی ناوچەكە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا كرد كە ژمارەیەكی زۆری شەهیدیان لە پێناو بەرگریكرن لە خاكی كوردستان داوە.

دواتر نێچیرڤان بارزانی لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەرپرس و كارگێڕان و ئەندامانی لقی 8ی پارتی و سنووری ناوچەكە، باسی لە بارودۆخی ئەمڕۆی ناوچەكە و شەڕی دژی تیرۆر و ئەركی حزبایەتی لە بارودۆخی ئەمڕۆدا كرد و تیشكی خستە سەر ئەوەی كە كادیران و ئەندامانی حزب ڕۆڵێكی بەرچاویان لە هاندانی ڕۆحی بەرگری و بەرگەگرتنی سەختییەكانی ئەم دۆخە هەبووە و لەمبارەیەشەوە ڕۆڵی ئەوانی بەرز نرخاند. هەروەها ڕایگەیاند كە كوردستان قۆناغێكی سەختی بەڕێ كردووە و پاشەڕۆژێكی گەش چاوەڕێی كوردستان دەكات.
Top