هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز بۆ توركیا و بۆ كورد

هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز  بۆ توركیا و بۆ كورد
ئاسۆ كەریم
7ی ئەم مانگە، دەنگدانی گشتی بۆ ئەنجوومەنی گەورەی میللی توركیا (پەرلەمان) بەڕێوەدەچێ. لەمبارەوە قسە زۆر كراوەو هێشتا دەكرێ. گرنگترین پرسیار ئەوەیە: داخوا پارتی دیموكراتیی گەلان HDP بەربەستی هەڵبژاردن 10% تێدەپەڕێنێ یان نا؟ بە هەردوو بارەكەیەوە (چ بە بەڵێ و چ بە نەخێر) چ كاریگەرییەكی بۆ سەر كێشەی كورد لە توركیا، ئاسۆی پەرەسەندن و چارەسەركردن یان نەكردنی دەبێ؟ بەگشتتر چ كاریگەرییەكی بۆ سەر سیاسەت و بەدیموكراتیزەكردنی توركیا و گۆڕینی دەستوور و هەوڵ و تەقەڵاكانی پارتی دادو گەشەپێدان AKP و ئەردۆگان بۆ گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانیی بۆ سیستەمی سەرۆكایەتی و چڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان لە دەستی تاقە كەسێكدا دەبێ؟ پاشان قسەیەكیش لە رەنگدانەوەی ئەو هەڵبژاردنە لە هەڵوێستی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندا دەكەین.
كەواتە، ئەم هەڵبژاردنەی توركیا نەك هەر بۆ كوردی ئەوێ، بەڵكە بۆ تەواوی توركیاو ناوچەكەیش گرنگە. كەواتە چاوەكان لەسەر ئەو پێشهاتەن.
* بە گوێرەی ئەو راپرسییانەی كە لایەن هەندێ دەزگاو كۆمپانیای موعتەبەرەوە كراون: رێژەی دەنگەكانی AKP لەچاو هەڵبژاردنی گشتیی ساڵی 2011 (كە 49.8%ی هێنابوو) دێتەخوارێ و لە نێوان 39-44% دا دەبێت. لێ هێشتا لە ریزی پێشەوەی حزبە براوەكانی دیكەدا دەبێ. هەرچی هەردوو حزبەكەی ئۆپۆزیسیۆنیشن: ئەوا CHP لەنێوان 25-28% و AKP لەنێوان 14-18% دەنگەكان. هەرچی HDP یشە كە حزبێكە زێتر بنكەكەی لەناو كوردانی توركیادا هەیەو یەكەمجارە وەكو پارتی بەشداری هەڵبژاردندا دەكات رێژەكەی لەنێوان 9-12% دایە.
* لێرەدا، بەتەنیا رێژەی دەنگی حزبەكان گرنگ نییە، بەڵكە ژمارەی كورسییەكانی هەر حزبێكیش لەناو پەرلەماندا گرنگە. لەبەر دوو پرسی سەرەكی بەلای AKPیەوە، یەكەمیان، ئەوەیە كە داخوا ژمارەی كورسییەكانی ئەم حزبە لە سەرووی 276 كورسی دەبێ تا بكارێ بەتەنیا حكوومەت پێكبهێنێ كە لە ساڵی 2002-ەوە بەتەنیا حوكمڕانی دەكات، یان ئەوەتا لە خوار 276 كورسی دەهێنێ و ناچار دەبێت، لەگەڵ حزبێكی دیكەی براوەدا ئیئتلاف بكات بۆ پێكهێنانی حكوومەت. خاڵی دووەم، پێوەندیی بە گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانییەوە هەیە بۆ سیستەمی سەرۆكایەتی كە ئەم حزبەو بەتایبەتی ئەردۆگان خۆی هەوڵی بۆ دەدا و بانگەشەی بۆ دەكات و لە هەڵمەتی هەڵبژاردنیشدا جەختی لەسەر دەكاتەوە. بۆ ئەمەیان دەبێ بەلایەنی كەمەوە AKP، لە كۆی 550 كورسیی پەرلەمانیی (330 كورسی واتە 3/5ی كۆی ئەندامانی پەرلەمان) بەدەست بهێنێ، تا بتوانێ دەستووری ئێستە بگۆڕێ و ئەو گۆڕانكارییە دەستوورییە لە سیستەمی سیاسیی وڵاتدا بكات. كەواتە ئەم هەڵبژاردنە بەلای AKPیەوە، چارەنووسسازەو قەدەری AKP و سیاسەتەكانی بەلایەكدا دەخات.
* وەك دەبینین، ئەو حزبەی كە رێگرە لە بەردەم بەدیهاتنی خەونەكانی AKP دا، HDPە. بۆ رێگرە؟ بۆ هەردوو حزبەكەی تری ئۆپۆزیسیۆن نا؟ چونكە ئەگەر HDPبەربەستی 10% تێبپەڕێنێ، دەنگەكانی بۆ AKP ناڕوات و چانسی AKP چ بۆ بەتەنیا حكوومەت پێكهێنان و چ بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسیی توركیا ئەگەرو نەگەری تێدەكەوێ. بەو مانایەی ئەگەر بكارێ حكوومەت بەتەنیاش پێكبهێنێ بەلایەنی زۆرەوە هەندە كورسی لە پەرلەمان ناهێنێ كە دەستوور بگۆڕێ و لەئەنجامدا سیستەمەكە بكاتە سەرۆكایەتی. لەسەرینی ئەمەوەیە، هەندەی AKP و ئەردۆگان، لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا لە دەمیرتاش و HDP دەدەن و تۆمەتیان بۆ هەڵدەبەستن، هەندە لە دوو حزبەكەی دیكەی ئۆپۆزیسیۆن ناخوێنن. ئەوەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێ كە بنكەی دەنگدەرانی AKP لەناو خەڵكی موحافەزەكارو دینداری كورددا، تا 2011 و 2013ەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانیش، بنكەیەكی تا رادەیەك فرەوان بووە. ئۆردوگان لەوە دەترسێت، بەشێكی ئەو بنكەیە بەتایبەتی خەڵكی عەشایەر و موحافەزەكاری كورد و (بە جەردەوانەكانیشەوە) دەنگ بە HDP بدەن. پێموایە، ئەو ترسەی ئۆردوگان لە جێگەی خۆی دایە، چونكە یەكەم هەندێ لە بنكردایەتی AKP لە ناوچە كوردنشینەكان بە هەندێ لە سەركردەو كەسایەتیی دیاری وەك (محەمەد دەنگیر فورات) چوونەتە پاڵ HDP و تەنانەت یەكێكی وەكو محەمەد دەنگیر كاندیدی HDPیشە. دووەم سیاسەتی زیگزاكانەی AKP بەرانبەر بە كوردو كێشەكەی و شەڕی داعش و كورد لە كۆبانێ دا هۆكارێكی ترە، بەتایبەتی كە لە دوو بۆنەدا ئەردۆگان هەم گوتی لە توركیا كێشەیەك بەناوی كێشەی كورد نییەو هەم جارێكیش لەساتەوەختی شەڕی كوردان و داعش لە كۆبانێ كە گوتی (كۆبانی كەوتووەو دەكەوێت!). كەواتە AKP لە رێژەی دەنگەكانی خۆی دەترسێ لە ناوچە زۆرینە كوردنشینەكاندا كە چەند ساڵێكە ركابەرییەكە لەنێوان ئەوان و BDP و ئێستاش HDP دایە و بە قازانجی ئەوەی دوایی بشكێتەوەو رەوایی نوێنەرایەتیكردنی خەڵكی ئەو ناوچانە لەدەست بدات.
* بێ لەوە HDP چاوی لەوەیە، بەشێكی دەنگی خەڵكە لیبراڵ و سۆسیال-دیموكرات و چەپەكان و كەمینە نەتەوەیی و ئایینی و مەزەبییەكانی وەك (ئەرمەن، سریان، ئێزدی و چەركەس و عەلەوییەكان) بەدەست بهێنێ. بێشك ئەمەیان لەسەر حیسابی CHP دەبێت بەتایبەتی لە ناوچەكانی رۆژئاوای ئەنادۆڵدا. چەند لەم هەوڵەیدا، چانسی دێنێ. من یەك بەبارە خۆم پشتڕاست نیم، هێشتا رەوتی دیموكراتی و چەپەكان، ئەو قورساییەیان نییە كە هاوكێشەكانیان پێ بگۆڕدرێ. كەواتە ناكرێ خاترجەم بین و ئەو وەرچەرخانە ئاسان نییە لە CHPەوە بۆ HDP. هەر لەم سۆنگەیەشەوە بووە كە CHPەییەكان لە دژی HDP پرۆپاگەندەیەكیان بڵاوكردەوە كە گوایا دوای دەرچوونی ئەنجامەكان، HDP هاوپەیمانی لەگەڵ AKPدا دەكات، تا ئەو توێژو دەست و دایەرانەی سەرێ كە ئاماژەم پێدان دڕدۆنگ ببن و دەنگ بە HDP نەدەن و چاوەڕوانییەكی وای لێ نەكەن كە بەدەم ئەوانەوە بێت. لێ دەمیرتاش هەر زوو وەڵامی دانەوە، كە ئەوان هاوپەیمانێتی لەگەڵ AKP دا ناكەن و وەكو ئۆپۆزیسیۆنێكی چالاك دەمێننەوە. لێ وەك سەرنج دەدرێ لەو كەناڵە میدییانەی سەر بە جەماعەتی خزمەت (واتە جەماعەتی فەتحوڵڵا گولەن)ن، جۆرێ لە هاوسۆزی لە بەرانبەر HDP دا هەیە و ئەمەش بۆ خۆی بێ كاریگەر نییە، بەڵام مەرج نییە هەموویان دەنگ بە HDP بدەن و رەنگە سەرپشك بكرێن.
* خەڵكێكی زۆری هاووڵاتی توركی بە كوردیشەوە لە دەرەوەی توركیا دەژین و مافی دەنگدانیان هەیەو چاوەڕێی ئەوە دەكرێ، رێژەیەكی باشی دەنگی ئەو جالیە گەورەیەی توركیا، دەنگ بە HDP بدات بەتایبەتی كە هەندێ ئەحزابی ئەوروپی رای خۆیان لەمبارەوەبە قازانجیHDP دەربڕیوە.
مەترسییەكان:
* بە داخەوە، كورد لە توركیا یەك لیست نییە، بەڵكە لیستی دیكەی وەك هوداپار و هاكپاریش هەن. لەكاتێكدا ئەوانەی دوایی هیچ چانسێكی دەرچوونیان نییەو تەنیا دەنگی كورد دەكوژن و بە قازانجی لیستی براوەی یەكەم تەواو دەبێ. ئەوە بێ لەوەی چەند لایەنێكی دیكەی كورد لە توركیا، پاسیڤ-ن یان تەمومژ بە هەڵوێستەكانیانەوە دیارە. ئەوەش بۆ خۆی یەكێكە لە كەموكوڕییەكانی كورد لەو وڵاتە و كاریگەریی بۆ سەر رێژەی دەنگەكانی HDP دەبێت. گلەییەكە دەبێ لە كێ بكرێ قسە زۆر هەڵدەگرێ و رەنگە ئەوە جارێ وەختی نەبێت. گریمان HDP نەیبردەوە، ئەوا بێشك لە ویلایەتە كوردنشینەكان (یان زۆرینە كوردنشینەكان) بەلایەنی زۆرەوە لیستی یەكەم دەبێ وەكو (حزب). ئەوەش ئاماژەیەكی روون دەبێ كە ئەو ناوچەو وڵایەتانە، لە نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان بێبەش دەبن و نوێنەرەكانی حزبی براوە واتە AKP ناتوانن نوێنەرایەتی كورد بكەن و بەم تەرزە دیموكراسیی توركی دەكەوێتە ژێر پرسیارێكی گەورەوە لە یەكێتیی ئەوروپی و لە ئەمریكاوە.
* نكوڵی لەوە ناكرێ، ئەردۆگان سەركردەیەكی مانۆرچی و بەتوانایە و لەسەر دەستی وی و حزبەكەی گۆڕانكاری گەورە لە توركیا كراوە. وەك دەبینین بە هەموو قورسایی خۆی هاتۆتە ناو گەمەی هەڵبژاردنەوە بە قازانجی AKP. لەكاتێكدا دەبوایە بەگوێرەی دەستوور، سەركۆمار بێلایەن بوایە لەنێوان حزبە ركابەرەكاندا و ئەوەش جێگەی رەخنەو گازاندەو نیگەرانیی لایەنەكان و تەنانەت میدیای دەرەكیش بووە بەتایبەتی كە زۆر قسە لە بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان لەم ساڵەی دواییدا دەكرێ و ترس لەوە هەیە كە ئەو رەوتە بەردەوام بێ و ببێتە رێباز.
* لەم ماوەیەدا، لەگەڵ چەند برایەكی نووسەردا، پێكەوە (داڤید فیلیپس) و تیمێكی هاوڕێیمان دی و لە خاڵێكدا باس لە هەڵبژاردنی 7ی حوزەیرانی توركیا كراو من ئاماژەم بەوەدا، كە بەلایەنی زۆرەوە HDP بەربەستی هەڵبژاردن دەشكێنێ و دەچێتە پەرلەمان و ئیدی كێشەی كورد و پرۆسەی سیاسی و دیموكراتی و رێگەچارەی ئاشتییانە بواری باشتریان بۆ دەكرێتەوە كە بە قازانجی ئەو ئاڕاستەیە دەشكێتەوە كە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەمێژە كاری بۆ دەكات، (داڤید فیلیپس) قامكی بۆ ئەگەری دەستتێوەردان و تەزویر راكێشا بە قازانجی AKP و بە زیانی HDP بەتایبەتی كە دەستەی سەرپەرشتكاری توركی بێلایەنی جارانی نەماوەو كەوتووەتە ژێر باندووری حزبی حوكمڕانەوە، كەواتە ئەوەش مەترسییەكی بێ بنەما نییە!.
كوردستانی عێراق و هەڵبژاردنی 7ی حوزەیرانی توركیا:
پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەر وڵاتێكدا بە توركیاشەوە، دیوێكی ناوخۆیی و دیوێكی دەرەكی هەیە. راستە ئەوەی پرۆسەكە یەكلادەكاتەوە دەنگدەرانی وڵاتەكەن. بەڵام بمانەوێ و نەمانەوێ، لەمڕۆی دنیادا كاریگەریی فاكتەری دەرەكیش كەم نییە. سەیركەن لەم رۆژانە ئەردۆگان چ هەرایەكی لە بارەی راپۆرتێكی نیویۆرك تایمز نایەوەو چەندی پێ قەڵس بوو.
لێرەش هەندێ لە حزبەكانی كوردستان هەڵوێستی رەسمیی خۆیان راگەیاند و لە كەناڵەكانی میدیای خۆیان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەڵڵایەكیان ناوەتەوە. رۆژنامەنووسێكی دیاری یەكێ لەم لایەنانە لە تەلەفزیۆنی (رووداو)، بەشێكی ئەم هەڵڵایەی حزبەكەی خۆی بە (موزایەدە) ناوبرد و بەشێكیشی بۆ خەمخۆری گێڕایەوە. مخابن هەندێ لایەن و نووسەر، بەتایبەتی لە كەناڵەكانی میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، دەیانەوێ نیشانی خەڵكی بدەن كە پارتی دژ بە دەرچوونی HDPیە.
هەندەی من ئاگام لێ بێ، یەكەم، پارتی بە رەسمی هیچ هەڵوێستێكی لە هەڵبژاردنەكەی توركیا دەرنەبڕیوە. دووەم، ئەگەر نووسەرێكی پارتی یان لایەنگرێكی پارتی رای خۆی لە بارەی هەڵبژاردنەكانی توركیاوە دەربڕیبێت، یان كۆمێنتێكی لە پەیجی خۆی نووسیبێ، ئەوا دەربڕی سیاسەتی رەسمی پارتی نییەو رای خۆیەتی وەكچۆن من لێرەدا رای خۆم دەردەبڕم. لە هەمووان ئاشكرایە، پارتی گوتەبێژو ئۆرگانی رەسمیی خۆی هەیە، بۆچوونەكانی دەردەبڕێ. بۆیە تۆمەت دروستكردن بۆ پارتی بێ بنەمایە و لەم رێگەیەوە هەوڵدەدرێ لە سیاسەتە نەتەوەییەكانی پارتی بدرێ. سێیەم، ناكرێ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان یان حكوومەت هەڵوێستێكی رەسمی دەرببڕێ، چونكە دەبێتە دەخالەتكردن لە كاروباری ناوخۆی وڵاتێكی دراوسێ. پێموایە لەمڕووەشەوە، رەچاوی پێوەندیی دوو قۆڵی و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حوكمڕانیی هاوچەرخ و دەوڵەتدارییان كردووەو ئەوەش كارە راستەكەیە لە پێوەندییەكاندا و چونكە هەرێمی كوردستان دەیەوێ بە دراوسێیەكانی بسەلمێنێ هیچ كاتێك ئەم قەوارە سیاسییەی ئێمە خەتەر نییە بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی ئەوان و ئەمەش بە قازانجی ئاڕاستەی (بەدەوڵەتبوونە). چوارەم وەكو لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، پارتی بەتایبەتی سەرۆكەكەی كە لەهەمانكاتدا سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشە، لەتەك چارەسەری بە ئاشتییانەو دیموكراتییانەی كێشەی كوردە لە توركیا. لەمبارەوە ئۆجەلان- سەرۆكی PKK خۆی، (ئیشادە)ی بەم رۆڵەی سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكوومەت نێچیرڤان بارزانی داوەو رۆڵی ئەوانی بەرز نرخاندووە. كەواتە ئەگەر HDP بچێتە پەرلەمان، بە ئەگەری زۆرەوە و بە رای چاودێران، بوارو دەرفەتێكی باشتر بۆ كرانەوەی دیموكراتی (چارەسەری بەئاشتییانەی كێشەی كورد) دەكرێتەوە كە لە دوای 2002-ەوە لەسەر دەستی AKP دەستی پێكراوە. بەو مانایە، دەرچوونی HDP لەگەڵ هەوڵ و تەقەڵاكانی سەرۆك بارزانی دێتەوەو خزمەت بەو ستراتیجە دەكاتە كە پارتی لە ناوچەكەدا پێڕەوی لێدەكا: ئەویش بەدیهێنانی خەونە رەواكانی كوردە...
بۆیە با ئارام و چاوەڕوانی ئەم چەند رۆژە و رۆژی دەنگدانەكەو ئەنجامەكان بین و دوای ئەوە دەزانین كێ دڵخۆش دەبێ بە ئەنجامەكان یان نا؟
Top