ئەمەریکا: بۆ تێکشکاندنی داعش لەگەڵ هەرێم کاردەکەین
لە کۆبونەوەکەدا، (ئەنتۆنی بلینکن) جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەجیاتی (جۆن کێری) ئامادەیبوو گوتی هێرشە ئاسمانیەکان بۆ پاڵپشتی هێزە زەمینیەکان ڕێگاییەکی دروست بوون بۆ شەڕی داعش.
دوای کۆنفرانسەکە (ئەنتۆنی بلینکن) و، (لۆرێنت فابیۆس) وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و، (حەیدەر عەبادی) بۆ میدیاییەکان قسەیان کرد، عەبادی گوتیبەڵێنی نوێ و تازەم بۆ پشتگیریکردنی عێراق لە شەڕی داعشدا وەرگرتووە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش گوتی، بە بەراورد بە نۆ مانگی ڕابردوو بەرەوپێشچونی گەورەمان لە شەڕی داعشدا بەدەست هێناوە و، پێویستە جەختمان لەسەر ڕاگرتنی چەکدارە بیانیەکان بێت کە لە ڕێگای تورکیا و، سووریاوە دەرژێنە ناو عێراقەوە.
هەروەها گوتیشی ئێمە لەگەڵ کوردەکان و، هەرێمی کوردستاندا کاردەکەین بۆ تێکشکاندنی داعش، وە کارنامە و، مەشقە سەربازییەکان و، هاوکارییە سەربازییەکانمان بۆ شەڕی داعش بەردەوام دەبن.
شیاوی باسکردنە، لە کۆبونەوەکەدا عێراق داوای پشتگیری هەواڵگری و، ڕاگرتنی چەکدارە بیانیەکانی کردوە بۆ ناو داعش، هەروەها بەشداربووانی کۆبونەوەکە داوایان کردوە کە پەلە بکرێت لە گرتنەوەی ڕەمادیدا.
جگە لەوانەش ئەمەریکا لە کۆبونەوەکەدا داوای ڕاهێنانی هێزە ناوچەییەکان و، باشترکردنی چەک و، پێداویستیەکانیان و فراوانکردنی سوپای عێراقیشی کردووە.
و/ خالید ئەحمەد
