نێچیرڤان بارزانی: دەبێت لە ڕووی پەروەردەیی و كلتووریشەوە شەڕی داعش بكرێت.
لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی كە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارتریاكی تازەی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووریە لە جیهان و هەر بۆ ئەم مەبەستە لە ڕۆژانی داهاتوودا پارتریاكی تازەی كەنیسەكە لە هەولێر هەڵدەبژێردرن.
لە كۆبوونەوەكەدا هەروەها باس لە ڕەوشی ناوچەكە بە گشتی و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە سووریا و عێراق بە تایبەتی كرا و لەمبارەیەوە شاندی میوان سوپاس و پێزانینی خۆیان و هەوادارانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووریی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی و ڕۆڵی پێشمەرگەی كوردستانیان بەرز نرخاند كە بەرگری لە خاك و خەڵك و پێكهاتەكانی كوردستان و ناوچەكە بە گشتی دەكات.
شاندەكە هەروەها ڕێز و پێزانینی خۆیان بۆ حكوومەت و خەڵكی كوردستان نیشان دا كە بە بێ جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی دەرگاكانی هەرێمی كوردستانیان بۆ ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر كردووەتەوە بە تایبەتیش ئاوارە و پەنابەرانی مەسیحی لە ناویشیاندا هەواداران و پەیڕەوانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری كە لە سووریا و ناوچەكانی دیكەی عێراقەوە پەنابەر و ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوونە.
شاندی میوان هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ پشتگیریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بنیاتنانی كەنیسەیەك بۆ پەیڕەوانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە هەولێر دەربڕی. هەروەك ڕۆڵ و مامەڵەی بەڕێز وەزیر و وەزارەتی ئەوقافی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان لەگەڵ پێكهاتە ئاینییەكانی هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند.
لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وێڕای خۆشحاڵی و بەخێرهێنانی شاندەكە، دووپاتی كردەوە كە حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان بە چاوی ڕێزەوە لە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان دەڕوانن و وێڕای ئەو بارە قورسەی كە لەسەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، بە هەموو توانایەكیەوە هاوكاریی ئاوارە و پەنابەران دەكات و پشتگیریی حكوومەتی هەرێمیشی بۆ بنیاتنانی كەنیسەیەك بۆ پەیڕەوانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە كوردستان دووپات كردەوە و هەموو ئاسانكارییەكی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە دەربڕی.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی لە ڕووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگەی كوردستان دژی تیرۆریستانی داعش كرد و دووپاتی كردەوە كە پێشمەرگە ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان بەرگری لە تەواوی مرۆڤایەتی و ئازادی و خاك و خەڵكی ناوچەكە دەكات و جەختی لەوەش كردەوە كە شەڕی دژی تیرۆر تەحەدییەكی گەورەیە و ئاسان نییە، بۆیە بە تەنیا بە شێوازی سەربازی سەركەوتوو نابێ، بەڵكو دەبێت لە ڕووی پەروەردەیی و كلتووریشەوە شەڕی تیرۆر بكرێت و دەبێت نەوەی تازە لە ڕووی پەروەردەییەوە بە بیری یەكتر قبووڵكردن و ڕێزگرتن لە یەكتری و بیروباوەڕی بەرامبەر، پەروەردە بكرێن.
