پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی چلەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەڕێزان جێگرانی سكرتێری گشتیی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان
بە بۆنەی چلەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوە و كادیر و ئەندام و لایەنگرانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەكەم. یادكردنەوەی دامەزراندنی یەكێتی لە كاتێكدایە كە گەلەكەمان لەبەردەم تەحەدیاتی گەورەدایە و لە هەمانكاتیشدا دەرفەتی كەموێنە بۆ پێشخستنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان هاتووەتە ئاراوە. باشترین زامنی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و تەحەدییاتی بەردەم خەڵكی كوردستانیش قووڵكردنەوەی یەكڕیزی و گیانی تەبایی و برایەتیی نێوان لایەنە سیاسییەكانە. مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان بەڕوونی پێشان دەدات كە تەنیا لە كاتی یەكڕیزی و تەباییدا دەستكەوتی مەزن بۆ خەڵكی كوردستان مسۆگەر كراوە. بە پێچەوانەیشەوە هەمیشە دوژمنانی گەلی كوردستان سوودیان لە دووبەرەكی و پەرتەوازەیی نێو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بینیوە.
لە سایەی خوێنی پاكی شەهیدانمان و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لەبەرانبەر تیرۆریستاندا و هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانكارییانەی لە ناوچەكە و جیهاندا لە ئارادان، پێگە و كاریگەریی كوردستان لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە و جیهان بە چاوی ستاییشەوە سەیری گەلی كوردستان دەكات. ئەوەیان دەرفەتێكی مەزنە بۆ ئەوەی بە هیمەتی هەموو لایەك، گەلەكەمان لە هەڕەشەكان دوور بكەینەوە و لە چوارچێوەی مافی چارەی خۆنووسین دۆزی ڕەوای گەلەكەمان بەرەو پێشەوە ببەین.
یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە خەباتی خۆیدا قوربانیی زۆری لەڕێگەی ڕزگاریی گەلی كوردستان داوە و لە گشت قۆناغەكاندا ڕۆڵێكی بەرچاو و نیشتیمانپەروەرانەی گێڕاوە. گەلی كوردستان ئەو چاوەڕوانییەی لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و تێكڕای حزبە خەباتگێڕ و تێكۆشەرەكانی دیكەی كوردستان هەیە كە لەو قۆناغە چارەنوسسازی ئێستایشدا دەستلەناودەست و یەكڕیز بن بۆ ئەوەی داهاتوویەكی گەش بۆ گەلەكەمان بنیات بنێین.
بە پێویستی دەزانم لەو بۆنەیەدا هیوای چاكبوونەوە بۆ برای بەڕێزم جەنابی مام جەلال و ئومێدی سەركەوتنیش بۆ هەموو ئەندام و هەوادارانی یەكێتیی بخوازم.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
31ـی 5ـی 2015
