سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پیرۆزبایی لە رێكخراوی ئازادی لاوانی كوردستان دەکات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پیرۆزبایی لە رێكخراوی ئازادی لاوانی كوردستان دەکات
‎بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

به‌ڕێزان سكرتێر و ئه‌ندامانی سكرتاریه‌تی رێكخراوی ئازادی لاوانی كوردستان

لە یادی شازدەساڵه‌ی دامه‌زراندنی رێكخراوی ئازادی لاوانی كوردستاندا، گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ ئێوه‌ و ته‌واوی ئه‌ندامانی ڕێکخراوە تێكۆشه‌ره‌‌كەتان ده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم.‌

لاوانی کوردستان دەبێ شانازیی بەوەوە بکەن کە لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلەکەماندا خاوەنی زۆرترین سەروەریین، بەهۆی گیانفیدایی و قوربانیدانی لاوەکانمانەوەیە کە گەلەکەمان بە خۆڕاگری مایەوە و گەییشتە ئازادی.

ئێستایش کە گەل و وڵاتمان بەرەوڕووی شەڕێکی داسەپاوی دوژمنێکی دڕندە و دژە ژیان و ئازادی بۆتەوە، هەموو چینوتوێژەکانی گەلەکەمان بوونە پێشمەرگە و توانییان ئەفسانەی دڕندەترین دوژمن لەسەر خاکی کوردستان تێکبشکێنن و شانازییەکی گەورە بۆ گەلەکەمان تۆمار بکەن، بەجۆرێک کە ئێستا هەموو جیهان ڕێز و پێزانینی بۆ ئازایەتیی پێشمەرگە و بەها بەرزەکانی گەلەکەمان هەیە و ناوی کوردستان و پێشمەرگە بۆتە سیمبولی ئازایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادی.

هیوادارم لاوانی کوردستان تواناكانیان یەکبخەن و خۆیان بۆ ئاییندەی گەشتر ئامادە بکەن. پێویستە لاوانی کوردستان، وەک چۆن له‌ پاراستنی کوردستاندا پێشه‌نگ بوون، بە هەمان هەستی پێشمەرگانەوە ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی بیری توندڕۆیی بگرن و بەرپەرچی ئەو هەوڵانە بدەنەوە کە بۆ بێ ئیرادەکردن و لاوازکردنی هەستی نیشتیمانپەروەری لای گەنجانی وڵاتمان لەئارادایە.

سەربەرز و سەرکەوتوو بن.

مسعود بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

26/5/2015‏
Top