ئەگەر بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان راستگۆ بوایە كورد خۆی رووی لە بەغدا دەكرد و یارمەتی عێراقی دەدا

ئەگەر بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان راستگۆ بوایە كورد خۆی رووی لە بەغدا دەكرد و یارمەتی عێراقی دەدا
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان رەشید خەییون توێژەر و نووسەری ناوداری عێراقی بۆ گوتى: رەوشەكە زیاتر بەرەو مەترسییەكی زۆر هەڵدەكشێت، هەر ئەوەندەی زانیمان شاری تكریت لە دەستی داعش رزگاركرا، بەڵام ئەوەندەی نەخایاند، ئەنباریش داگیركرا، ئەگەر رەوشەكە هەر وا بەردەوام بێت، ئەوا رەنگە مەترسی بۆ سەر بەغداش دروست ببێت، بۆیە من بە قۆناغێكی ترسناكی دەزانم، ئەم مەترسییەش لە زۆر لایەندا دەبینم، واتا بارودۆخی عێراق لەو پەڕی مەترسیدایە، كێشەكە تەنیا داعش نییە، بەڵكو لە شوێنەكانی دیكەی عێراقیشە، واتا هەموو بابەتەكان بە یەكەوە گرێدراون. ململانێی ئابووری و ئایینزایی و تایفەگەری و پشكایەتی و شەڕی كورسی و دەسەڵات ئەمانە خۆیان فاكتەری هاندەرن بۆ زیاتر لەبارچوونی رەوشەكە، من لە راوبۆچوونی خۆم و لە نووسین و وتارەكانی پێشووشدا ئاماژەم بەوە كردووە، كە لەناوبردنی تیرۆر و داعش بە تەنیا بە سوپایەكی یەكگرتووی عێراقی ئەنجام دەدرێت، بوونی میلیشیای چەكدار لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و ئەو ململانێیە تایفەگەرییە خۆی لەخۆیدا یاریدەرەی زیاتر بوونی ئەو تیرۆریستانە و خودی داعشه.


رەشید خەییون هەروەها گوتی: من پێموایە شیعە هیچی ناوێت و ناتوانێت هیچ لەم بارەوە بێنێتە ئاراوە، بوونی حەشدی شیعە بەرپرسیارێتیی شیعە نییە، هەر وەك چۆن ناكرێ داعش بە بەرپرسیارێتیی سوننە حیساب بكەین، تەنانەت ناكرێت ئایدیۆلۆژییەت و دەوڵەت و ویلایەتی فەقیه لەسەر شیعەی عێراق حیساب بكرێت، بۆیە پێویستە ئەو زاراوەیەی باستان كرد، واتە سیناریۆی شیعە بخەینە لاوە و باس لە ئەجیندای سیاسی و حزبی بكەین. دەكرێ شیعە ببنە قوربانی ئەم ئەجیندانە، ئەوان نەك بە تەنیا لە عێراق بوونەتە قوربانی، بەڵكو لە زۆر شوێنی دیكەش لە پاكستان و ئەزربایجانیش هەر بوونەتە قوربانی، هەروەها چوونی میلیشیای شیعەی عێراقی بۆ شەڕكردن لە سووریا ئەمەش خۆی لە خۆیدا كارەسات بووە، باشە ئەنجامی ئەم چوونەی شیعە بۆ سووریا چی لێكەوتەوە، جگە لەوەی كە بووە هۆی كوشتنی سەدان گەنجی عێراقی لەو شەڕ و ململانێیەی ئێستا لەو وڵاتە بەردەوامە، كە ئێستاش رۆژانە چەندین گەنجی شیعە دەكوژرێت، ئەمەش مەترسی هەیە بۆ سەر هەموو لایەك بە شیعە و سوننەوە.

شایانی باسه خەییون هەروەها گوتی: باشترین چارەسەر بۆ ئەم بارودۆخە لەوەدایە كە هەموو لایەن و پێكهاتە عێراقییەكان بێن و لەسەر یەك پڕۆژەی هاوبەش رێكبكەون، هەتا ئێستا هەر یەكێك لە كوتلە سیاسییەكان، یان هەر بەرپرسێك بە بێ دەستنیشانكردنی هیچ لایەنێك دێت باس لە رێگە چارە دەكات، ئەوان باس لەوە دەكەن (چەند بۆ تۆ و چەند بۆ من)، دەبینین دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانمان دواخست، تا ئەو كاتەی ئێران رەزامەندی لەسەر دا، بۆ نموونە دەكرێ ئەمریكا یارمەتیمان بدات لە رووی ژیانی مەدەنی، یان پشتگیریمان بكات لە بواری سەقامگیریی ئەمنییەوە، بەڵام كاتێ باس لە ئێران دەكەین، دەبینین ئەو لە روانگەی ئایینی و مەزهەبییەوە دەست لە ئیش و كاری عێراق وەردەدات، هاوكات دەبینین لوبنان دەست لە سووریا وەردەدات، ئێمەی گەلی عێراق ئایا نازانین كە هەموومان دژی سەرۆك و خودی حزبی بەعس بووین و ئێستاش بە هەمان شێوە، خەڵكی سووریاش رقی لە حزبی بەعس و سەرانی ئەو حزبەیه.


لە كۆتایی قسەكانیدا رەشید گوتی: دابەشكردنەكە دەستی پێكردووە، ئەو دابەشكردنە بوونی هەیە، تەنیا راگەیاندنی ماوە، ئەوەتا هەرێمی كوردستان لە ناوچەیەكدایە خۆی كاروباری خۆی بەڕێوەدەبات، بەڵام بڕوات هەبێت ئەگەر بەغدا كراوە و نەرم و تەبا بوایە و لەگەڵ هەرێمی كوردستان راستگۆ بووایە، ئەوكاتە سەرانی كورد خۆیان روویان لە بەغدا دەكرد، هەروەك دەزانین سەرۆك كۆمار كوردە، وەزیری دارایی و سەرۆكی سوپاسالاریش بە هەمان شێوە، دەبینین هەر پارێزگایەك و ناوچەیەك ئاڵایەك بەرزدەكاتەوە داوای بەهەرێمبوون دەكات، ناوچەی سوننە دەوڵەتی ئیسلامی لێیە، بۆیە لە ئێستادا پارچە پارچە كراوە، من پێموایە ئەم پڕۆژەی دابەشكردنە تەنیا بەوە سەردەگرێ كە بڕیارێكی بەهێزی نێودەوڵەتی هەبێت، دەوڵەتانی ناوچەكە لە توركیاو ئێران و سعودیە و دەوڵەتانی جیهان و نەتەوە یەكگرتووەكان رێك بكەون لەسەر ئەم پڕۆژەیە، ئەو كاتە من بە باشترین رێگە چارەی دەبینم، بەڵام ئەمە چۆن دەكرێت؟ ئەم بڕیارە بە دەست عێراقییەكان نییە، بۆیە دەبینین لە بیستەكان بەریتانیا ئاڕاستەی عێراقی چەسپاند، لە 2003 ئەمریكاش هەر بەم ئاڕاستەیە كاری كرد.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1027)
Top