بە بڕیارێکی سیاسی شارەوانی دووزخورماتوو دەخرێتەسەر بەغدا
بەڕێوەبەری راگەیاندنی قایمقامیەتی شارەوانی دووزخورماتوو "محەممەد فایەق" رایگەیاند: بە نووسراوێکی فەرمی کە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە، لەلایەن "موسلم محەممەد" سەرۆکی شارەوانییە گشتییەکانی شاری بەغدا پایتەختی عێراقەوە بڕیار دراوە بە لابردنی شارەوانی دووزخورماتوو لەسەر پارێزگای سەلاحەدین و لکاندنی بە شارەوانییەکانی بەغداوە.
محەممەد فایەق گوتی: ئەم بڕیارە لە کاتێکدا شارەوانییەکانی بەغدا بەبێ پرسکردن بە ئیدارە و ئەنجوومەنی شارۆچکەکە و گەڕانەوە بۆ یاسا راستەوخۆ بڕیارەکەی دەرکردووە.
ئاماژەشی بەوە دا، ئەو بڕیارە بە بیانووی ئەوە دەرکراوە ئێستا بارودۆخی پارێزگای سەلاحەدین بەھۆی شەڕی دژ بە داعشەوە خراپە، بەڵام لە راستیدا ئەم بڕیارە بڕیارێکی سیاسییە و ئامانجی دیکەی لە پشتەوەیە.
بەپێی زانیاریەکان، ئەو بڕیارە زیاتر دەستی لایەنە تورکمانەکانی تێدایە و بە مەترسیش دادەنرێت لە داھاتوودا ناوچەکە بەتەواوی بخرێتە ژێر کۆنترۆڵی لایەنە تورکمانییەکان.
شارۆچکەی دووزخورماتوو لە بنەڕەتدا سەربە شاری کەرکووکە، لە سەردەمی ژرێمی بەعس بە بڕیارێکی سیاسی خرایەسەر پارێزگای سەلاحەدین و سەرەڕای داواکاری لایەنە کوردیەکان بۆ گەڕاندنەوەی ناوچەکە بۆ سەر کەرکوک، بەڵام ھیچ ھەنگاوێک لەو بارەیەوە نەنراوە.
