ئیتاڵیا لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت
لە دیدارێكدا باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق باسی پەیوەندییە دووقۆڵیەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستانی كرد و سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكەش بە حكوومەت و خەڵكی كوردستان كرد كە هاوكار بوونە لە ئەركەكانی وەك باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق سەركەوتوو بێت.
باڵیۆزی ئیتالیا هەروەها باسی لە هاوكارییەكانی ئیتاڵیا بۆ خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بە تایبەت لە ڕووی ناردنی هاوكاری مرۆیی و بەردەوامی خولی مەشق و ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگە و جەختی لە بەردەوامبوونی ئەو هاوكارییانە بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ڕۆڵی باڵیۆزی ئیتاڵیای لە عێراق كرد كە توانیویەتی پەیوەندییەكی بەهێز و تۆكمە لە نێوان هەرێم و ئیتالیادا دروست بكات و لە سەردانەكانی بۆ هەرێمی كوردستان وێنەی ڕاستەقینەی هەرێم بۆ وڵاتەكەی و ئەورووپا بە شێوەیەكی گشتی بگوازێتەوە و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركی نوێیدا.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بە هاتنی شاندە باڵاكانی ئیتالیا بۆ هەرێمی كوردستان لە ڕۆژە سەختەكاندا كرد و دووپاتی كردەوە كە ئەو سەردانانەیان جێگەی ڕێز و سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و ئەوەشی دووپات كردەوە كە مەترسی تیرۆریستانی داعش بەردەوامە، بۆیە پێویستە هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا بەردەوام بێت.
