لەسەر کێشەی نێوان پ کا کا و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شاندێکی پارتی و یەكێتی دەچنە قەندیل

لەسەر کێشەی نێوان پ کا کا و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شاندێکی پارتی و یەكێتی دەچنە قەندیل
لە سەر تێکهەڵچوونی گەریلاکانی پ کا کا و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شاندێکی پارتی و یەکێتی سەردانی قەندیل دەکەن.



بە گوێرەی هەواڵێکی تەلەفزیۆنی ڕووداو بۆ كۆتاییهێنان بە كێشە و ناكۆكیی نێوان PKK و پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا)، شاندێكی ئاستبەرزی پارتی و یەكێتی كە تەواوی دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەیە، لەگەڵ هەردوو لایەن لە قەندیل كۆدەبنەوە.



گرژییەكانی چەند رۆژی رابردووی نێوان PKK و حدكا لەسەر دانانی بارەگا دواجار تەقەی تێكەوت و بەو هۆیەشەوە پێشمەرگەیەكی دیموكرات لە ناوچەی "خنێرە" لەسەر سنووری رۆژهەڵاتی كوردستان شەهید بوو. پێشمەرگەكانی دیموكراتیش دوو گەریلای PKK دەستگیر دەكەن.



بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی كە لە قەندیلەوە دەست (رووداو) كەوتوون، بڕیارە شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان كە لە ئەندامانی پارتی و یەكێتی پێكدێن، بچنە قەندیل و لەگەڵ جەمیل بایك، هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان كۆببنەوە.



سەرچاوەیەكی باڵای نێو PKK كە پێی باش نەبوو نێوی بڵاوبكرێتەوە، بە (رووداو)ی گوت "بڕیارە رۆژی 26/5/2015 كەریم شنگالی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و حاكم قادر حەمە جان، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و هەندێ هەڤاڵی دیكە بگەنە قەندیل".



ئەو سەرچاوەیە زانیاری زیاتری ئاشكرا كرد و گوتی "بڕیارە یەكەمجار لەگەڵ حدكا كۆببنەوە، دواتر لەگەڵ هەڤاڵ جەمیل بایك و بەرپرسانی PKK كۆببنەوەو كۆتایی بەو كێشەیە بهێنن". گوتیشی "بەپێی زانیارییەكانی ئێمە ئەو شاندەی هەرێمی كوردستان تەواوی دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەیە بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكە".
Top