پارێزگای ھەولێر: تائێستا بە فەرمی ھیچ ئاوارەیەکی ئەنباری وەرنەگیراوە

 پارێزگای ھەولێر: تائێستا بە فەرمی ھیچ ئاوارەیەکی ئەنباری وەرنەگیراوە
بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارێزگای ھەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا بە فەرمی ھیچ ئاوارەیەکی پارێزگای ئەنبار وەرنەگیراووە؛ هەڵبەت ئەو ١٤ھەزار کەسەی حەفتەی ڕابردوو ھاتوونەتە ھەولێر، وەکو میوان ھاتوونە بۆ لای خزم‌وکەسی خۆیان نەک ئاوارە.

(ھەمزە حامد) بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارێزگای ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەو حەفتەیەی ئەنبار داگیر کراوە، ١٤ھەزار کەس لە ڕێی فڕگەی ھەولێرەوە ھاتوونەتە ھەولێر؛ هەڵبەت بە میوانی هاتوونەتە لای خزم‌وکەسی خۆیان نەک بە ئاوارەیی."

(ھەمزە حامد) گوتیشی، "ئێمە تاوەکو ئێستا ھیچ ئاوارەیەکمان وەرنەگرتووە کە خەڵکی ئەنبار بێ، چونکە ئاوارەکان لەسەر سنووری نەجەف و کەربەلا و بەغدانە نەک سنووری ئێمە؛ دەشێ لەوێ نیشتەجێ بکرێن، خۆ هەر کەسێک و ئاوارە دەبێت ڕەوانەی ھەرێمی کوردستانی بکەن."

بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارێزگای ھەولێر ڕاشیگەیاند: "ئەرکی ئێمە نییە لەھەر شوێنێکی عێراق کێشەیەک بقەومێت ئێمە چارەی بکەین، وەکو ئەرکی مرۆیی ئەوەندەمان لەسەرە ئەگەر ھاوسنوور بن دەروازەیان بۆ بکەینەوە و، بچین بە هانایانەوە."
Top