حزبی دیموکرات مەیلی دانوستانی هەیە؛ چاوەڕێی پەکەکەنە

 حزبی دیموکرات مەیلی دانوستانی هەیە؛ چاوەڕێی پەکەکەنە
بەرپرسی پەیوەندییەکانی حزبی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ئێستا شەڕەتەقە دامرکاوەتەوە، بەڵام هێشتایش هەر لێک ڕاساون؛ جەختیش دەکاتەوە ئامادەنە بە گفتوگۆ لەگەڵ پەکەکەدا کێشەکە ببڕنەوە.

(محەمەد ساڵح) بەرپرسی پەیوەندییەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "هێشتایش دۆخەکە وەکو خۆیەتی؛ ھێزەکانی ئێمە لە ناوچەکانی 'سەقەر' و 'کێلەشین'ـدانە و ھێزەکانی ئەوانیش لە شوێنی خۆیاندان، هەڵبەت بەبێ تەقە، لێک ڕاساون."

(محەمەد ساڵح) گوتیشی، "لە شەڕەکەی دوێنێدا پێشمەرگە (قادر کەریمی)ـمان لێ شەھید بوو؛ سێ پێشمەرگەیشمان لێ بریندار بوونە، وا ڕەوانەی نەخۆشخانە ئیمیرجنسییەکەی ھەولێرمان کردوونە."

بەرپرسی پەیوەندییەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕوونیشی کردەوە، "ئێمە ئامادەین بۆ دانوستان و، دەستپێشخەرییەکەی پەرلەمانی کوردستانمان پێ باشە کە لەگەڵ پەکەکەدا دابنیشین و، کێشە چارە بکەین؛ جارێ چاوەڕێی وەڵامی ئەوان دەکەین."
Top