وەك فەرماندەیەكی سەربازی بۆ سەربەخۆیی كوردستان پشتگیری بڕیاری سەرۆك بارزانی دەكەم
مەحمود سەنگاوى هەروەها گوتی: جەنابی سەرۆك بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانە و هەموومان دەنگمان پێداوە، بۆیە ئەركی سەرشانیەتی ئەو رۆڵە بگێڕێت، هەروەها ئەو رۆڵەشی گێڕاوە، بۆیە ئەگەر نەتوانێت یەكپارچەیی و یەكڕیزی نەتەوە و نێوان لایەنە سیاسییەكان بپارێزێت، ئەوا ئەو كات مێژوو وەك سەرۆكێكی سەركەوتوو تۆماری ناكات، بۆیە ئەمە مێژوو حوكمی لەسەر دەدات، ئەگەر لەماوەی سەرۆكایەتیی بەڕێزیاندا بتوانێت بە بەردەوامی ئەم یەكڕیزی و یەك هەڵوێستییە بپارێزێت، ئەوا دوای ئەوەی لەو پۆستەشدا نامێنێت، هەموومان شانازی پێوە دەكەین.
شايانى باسه سەنگاوى هەروەها گوتی: ئێمە پێشتر رەخنە و گلەییمان هەبوو لە سەردانەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە، لەبەر ئەوەی لە پێكهاتەی شاندەكەیدا نوێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لەگەڵدا نەبوو، بۆیە ئەمەش دەبووە جێگەی گلەیی و گازندەی ئەندام و كادیرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بێگومان سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ لای سەرۆك تاڵەبانی خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، بە بۆچوونی من سەردانێكی باش بوو، ئەوە وەفاداری ئەو قۆناخەیە كە جەنابی مام جەلال و جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێكەوە لە كوردستان خەباتیان كردووە و سەركردایەتیی قۆناخە جیاوازەكانیان كردووە، بەتایبەتی كە لەسەر دەستی هەردوو بەڕێزان شەڕی ناوخۆ كۆتایی هاتووە، سەردەمی دوو ئیدارەیی كۆتایی هاتووە، لەسەر دەستی ئەوان كاری زۆر گەورە و باش لەم وڵاتە كراوە و خزمەتی زۆر باشكراوە، هەربۆیە سەردانەكەی رۆڵێكی ئیجابی و كاریگەری هەبووە.
لە كۆتایی قسەكانیدا سەنگاوى گوتی: پێش هەموو شتێك ئەمە سەركەوتنێكی گەورەیە، ئومێدیش دەكەم دامەزراندنی ئەم سێ لیوایەی پێشمەرگە تەنیا لە پارتی و یەكێتی نەبێت، هیوادارم ئەو سێ لیوایە لە گەنجە وڵاتپارێزەكانی وڵاتی خۆمان پێكبهێندرێت، ئەو گەنجە دڵسۆزانەی بەبێ ئەوەی پێوەندییان بە پارتی و یەكێتییەوە هەبووبێت، بەچەكی خۆیان و بێ مووچە، خۆبەخشانە هاتوونەتە بەرەكانی شەڕ و بۆ پاراستنی ئەم خاكە شەڕیان كردووە و بەشێكی زۆریشیان لێ شەهید و برینداربووە، بۆیە ئومێدی من ئەوەیە ئە و سێ لیوایە لەو گەنجانە پێكبهێندرێت و تەنیا موڵكی پارتی و یەكێتی نەبێت، بەڵكو سێ لیوای نیزامی و سەربازی بێت بۆ پاراستنی خاكی كوردستان، ئەم هێزەش لە ناوچە داگیركراوەكان كە ئێستا ئازاد كراون جێگیر بكرێت. بۆ خوێنەرانی گۆڤارەكەتان جەخت لەوە دەكەمەوە من هیچ كاتێك بە ناوچە داگیركراوەكانی كوردستان ناڵێم ناوچە دابڕاوەكانی دەرەوەی هەرێم.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1027)
