حكوومەتی هەرێم: لەگەڵ ئەوە نین هێزی چەكداری دەرەوەی هەرێم لەسەر سنوورەكانمان بێ

حكوومەتی هەرێم: لەگەڵ ئەوە نین هێزی چەكداری دەرەوەی هەرێم لەسەر سنوورەكانمان بێ
یاریدەدەری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند نابێت هیچ هێزێكی چەكدار خاكی كوردستان بەكار بهێنێت.
(د. دیندار زیباری) یاریدەدەری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەری فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەكان ڕێگە نادات هێزی تر لە نێو خاكی وڵاتێكی دیکەدا هیچ جموجۆلێكی سەربازی بكا.
(د. دیندار زیباری) گوتیشی: "لە هێزەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بترازێ، نابێت هیچ هێزێكی چەكدار لە سنووری هەرێمی كوردستاندا هەبێت."
یاریدەدەری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەیش دا: "ئەگەر جموجۆڵی سەربازی ڕێگەی پێ نەدرێت چۆن ڕێگە بە شەڕ و پێكدادان دەدرێت، هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایە دژی ئەو جۆرە كارانەیە و لەگەڵ ئەوە نییە هێزی چەكداری دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر سنورەكانمان بێت."
زێباری جەخت دەكاتەوە ڕێگە نادەن خاكی هەرێمی كوردستان دژی هیچ وڵاتێكی درواسێ بەكار بێت.
Top