كۆسرەت رەسووڵ و نێچیرڤان بارزانی له‌ هه‌وڵی هێوركردنەوەی گرژیی حیزبی دیموكرات و په‌كه‌كه‌دان

كۆسرەت رەسووڵ و نێچیرڤان بارزانی له‌ هه‌وڵی هێوركردنەوەی گرژیی حیزبی دیموكرات و په‌كه‌كه‌دان
(كۆسرەت رەسووڵ عەلی) جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەیوەندییەكدا باسی شەڕەكەی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK و حیزبی دیموكراتی كوردستان دەكەن و لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكەدان.

دوای چەند رۆژێك گەمارۆدانی هێزێكی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی کێلەشینی سنووری باشوور، باكوور و رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی یەكشەممە 24ی ئایاری 2015، چه‌كدارانی پارتیی کرێکارانی کوردستان PKK هێرشیان کردە سەریان و بە گوتەی بەرپرسانی حیزبی دیموکرات، دوو پێشمەرگەیان لەو شەڕە گیانیان لەدەستداوە.

دوای شەڕەكە هەردوولایان یەكدییان بە هەڵگیرساندنی شەڕەكە تۆمەتبار كرد و چەند تۆمەتێكیان خستنە پاڵ یەك، ئەمەش ناڕەزایەتییەكی تووندی لەنێوان شەقامی كوردی و حیزبەكانی سەرجەم پارچەكانی كوردستان لێكەوتەوە. 'رووداو' بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌، لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دوای شەڕەكە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێزێكی زۆری بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی جموجۆڵی پارتە کوردییەکان، لە ورمێ و شنۆ خستووەتە باری ئامادەباشییەوە.

بەپێی ئەو زانیارییه‌كان، (كۆسرەت رەسووڵ) و (نێچیرڤان بارزانی) كە جگە لە پۆستە حكوومییەكانیان، دووەم كەسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتیی دیموكراتی كوردستانن، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا قسەیان لەسەر شەڕ و ئاڵۆزییەكە كردووە و ئێستا لە هەوڵدان بۆ لەیەك نزیككردنەوەی بەرپرسانی PKK و حیزبی دیموكرات.

زانراوه‌ كه‌ لە پەیوەندییەكەدا (كۆسرەت رەسووڵ) و (نێچیرڤان بارزانی) بەپێویستیان زانیوە كێشەكە بە زووترین كات چارەسەر بكرێت، دەستەیەكیش بۆ چارەكردنی كێشەكە پێكهێندراوە، بڕیارە دەستەكە بۆ چاره‌كردنی كێشەكە بە زووترین كات، پەیوەندی بە هەردوو لایەن بكات.

ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان هه‌وڵی دا له‌ چۆنیه‌تیی ئه‌م هه‌وڵه‌ی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان بكۆڵێته‌وه‌، به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كانمان وا پێده‌چێ كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان(سه‌رۆك بارزانی) ئه‌وانی ڕاسپاردبێ تا هه‌وڵه‌كانی خۆیان چڕ بكه‌نه‌وه‌ و، به‌ر به‌و هه‌وڵه‌ نه‌خوازراوه‌ بگیرێت كه‌ له‌ هه‌وڵی به‌رپاكردنی شه‌ڕی براكوژییه‌ له‌ نێوان حیزبی دیموكراتی كوردستان و په‌كه‌كه‌دا.
Top