راگەیێندراوی فەرمی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە شەڕەکەی کێلەشین
لە بەیانی ئەمڕۆوە لە ناوچەی کێلەشینی سنووری نێوان باشوور و باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان شەڕ لە نێوان گەریلاکانی PKK و پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەستیپێکردووە و لە ئاکامیدا دوو پێشمەرگەی دیموکرات کوژراون.
لە راگەیێندراوەکەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا هاتووە "دوای چەند رۆژ هەوڵ و چالاکیی چەندین لایەنە بۆ دانیشتن و دیالۆگ لەگەڵ سەرکردایەتیی PKK بۆ ئەوەی تووشی رووداوی ناخۆش و دڵتەزێن نەبین و گرفت و کێشەیەک کە لەنێواندا هەبوو بە لێکتێگەیشتن و دیالۆگ چارەسەری بکەین، PKK فەرمانی بە هێزەکانی کرد کە هێرش بکەنە سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و بەداخەوە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە هێزەکانی PKK تەقەیان لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کرد و شەڕی نەخوازراو لەگەڵ هێزێکی کوردیی بەسەردا سەپاندووین".
هەر لەو راگەیێندراوەدا هاتووە "بەپێی هەندێک زانیاریی، هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە مۆڵ دراون و ئەگەری زۆری تێکەڵبوونی هێزەکانیان لەگەڵ هێزەکانی PKKدا هەیە".
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران راشیگەیاندووە "ئەوپەڕی بەداخبوونی خۆمان بۆ ئەو کردەوە دزێوەی PKK رادەگەیێنین کە دەچێتە خانەی خیانەت بە خەباتی کوردەوەو ئەوەش رادەگەیێنین نە دەستپێکەری شەڕ بووین و نە خوازیاری درێژە کێشانی ئەو ناخۆشی و شەڕەین و داواکارین کە هەم رێبەرایەتیی PKK پەنا بباتە بەر مەنتق و لۆژیکی سیاسی و نەتەوەیی و دەست لەو رێگا هەڵەیەی گرتوویەتیەبەر، هەڵگرێ".
دەقی راگەیێندراوەکە:
خەڵکی مافخوازی کوردستان!
رێکخراو و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان!
کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەیییەکان!
دوای چەند رۆژ هەوڵ و چالاکیی چەندین لایەنە بۆ دانیشتن و دیالۆگ لەگەڵ سەرکردایەتیی pkk بۆ ئەوەی تووشی رووداوی ناخۆش و دڵتەزێن نەبین و گرفت و کێشەیەک کەلە نێواندا هەبوو بە لێکتێگەیشتن و دیالۆگ چارەسەری بکەین، pkk فەرمانی بە هێزەکانی کرد کە هێرش بکەنە سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و بەداخەوە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە ٣/٣/١٣٩٣ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٤/٥/٢٠١٥ی زایینی هێزەکانی pkk تەقەیان لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد و شەڕی نەخوازراو لەگەڵ هێزێکی کوردیی بەسەردا سەپاندووین. بەپێی هێندێک زانیاری، هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە مۆڵ دراون و ئەگەری زۆری تێکەڵبوونی هێزەکانیان لەگەڵ هێزەکانی pkkدا هەیە.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
ئەو شەڕە نەخوازراوە دەکرا بە رێگای سیاسی و لۆژیکییەوە خۆی لێ لا بدەین و دەستە و یەخە لەگەڵ هێزێک نەبین کە ئەرکی ئەو رزگاریی بەشێکی دیکەی کوردستانە و ئێمە کە بەدژی کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەین، ئەوان نەکەونە ئەو نێوە و رووداوەکان بە ئاڕاستەیەکدا نەچن کە ئەوان ببنە سپەر و قەڵغان بۆ هێزی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەوپەڕی بەداخبوونی خۆمان بۆ ئەو کردەوە دزێوەی pkk رادەگەیەنین کە دەچێتە خانەی خیانەت بە خەباتی کوردەوەو ئەوەش رادەگەیەنین نە دەسپێکەری شەڕ بووین و نە خوازیاری درێژەی کێشانی ئەو ناخۆشی و شەڕەین و داواکارین کە هەم رێبەرایەتیی pkk پەنا بباتە بەر مەنتق و لۆژیکی سیاسی و نەتەوەیی و دەست لەو رێگا هەڵەیە گرتوویەتی بەر، هەڵگرێ.
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان لە هەموو بەشەکانی کوردستان!
رێکخراو و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان!
داواتان لێدەکەین کە بە هەر رێگایەک بۆتان دەکرێ وێڕای مەحکومکردنی ئەو شەڕفرۆشییەی PKK ، هەوڵ بۆ گۆڕینی هەڵوێستی ناکوردانەی رێبەرایەتیی PKK بدەن و هەموومان چەکی خەبات و شۆڕشمان روو لە دوژمنانی گەل بکەین نەک روو لە یەک.
هەر جۆرە زانیارییەکی دیکە لە پێوەندی بە ئاکامی شەڕ و تێکهەڵچوونەکە و ئاکامی هەوڵە سیاسی و پێوەندییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە، ڕای گشتیی لێ ئاگاداردەکەینەوە. بەڵام وێڕای هەموو هەوڵ و تێکۆشانێکی نەتەوەیی و سیاسی و ئاشتیخوازانەمان، هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە کە تەسلیمی گوشار و هەڕەشە و خۆسەپێن نابین.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٣ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی
٢٤ی مەی ٢٠١٥ی زایینی
رووداو
