شوێنی کۆبوونەوەی فەرماندەکانی داعش بۆردوومانکرا

 شوێنی کۆبوونەوەی فەرماندەکانی داعش بۆردوومانکرا
لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان، بنکەیەکی داعش کرایە ئامانج، کە بەرپرسانی سەربازی داعش تێیدا سەرقاڵی کۆبوونەوە بوون.

راگەیاندنی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی راگەیاند، لە کاژێر ٩:٣٠ ی خولەکی ئەمشەو ٢٣ی ئایاری ٢٠١٥، فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی هەواڵگری و فەرماندە مەیدانییەکانی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، بنکەکانی چەکدارانی داعشیان لە بەرزاییەکانی چیای بادۆش لە میحوەری رۆژئاوای دیجلە بۆردوومانکردووە و هاوکات زیانێکی زۆریان بە چەکدارانی داعش گەیاندووە".

راگەیاندنی فەرماندەیی زێرەڤانی هەروەها رایگەیاند: لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکەکانی هاوپەیماناندا شوێنی کۆبوونەوەکانی بەرپرسانی چەکدارانی داعش لە بادۆش کراوەتە ئامانج، کە سەرقاڵی کۆبوونەوە بوون لەو شوێنە". بەڵام نەزانراوە ژمارەی کوژراوەکانیان چەندە.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند هاوکات ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری سووتەمەنی داعش ئاگری تێبەردراوە و بەوهۆیەوە چەکدارانی داعش لە بەرزاییەکانی شارەدێی بادۆشی سەربە پارێزگای موسڵ زیانی گیانی و ماددیان پێگەیشتووە.




















روداو
Top