مەسرور بارزانی پێشوازی لە بالیۆزی بەریتانیا لە عێراق و شاندی یاوەری دەکات
لە دیدارێکدا دوا پەرەسەندە سیاسی و ئەمنیەکانی عێراق و شەڕی تیرۆریستانی داعش لە سوریا و عێراق تاوتوکرا و مەسرور بارزانی جەختی لە پشتیوانی زیاتری یارمەتی سەربازی بۆ ھەرێمی کوردستان لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کردەوە و رایگەیاند، بۆئەوەی پێشمەرگە بتوانێ پاشەکشەی زیاتر بە داعش بکات، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی راستەوخۆ وەڵامی داواکاری ھەرێمی کوردستان بداتەوە.
لە لای خۆیەوە بالیۆزی بەریتانیا لە عێراق دووپاتی لە بەردەوامی پشتیوانی حکوومەتی وڵاتەکەی بۆ ھێزی پێشمەرگە کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، لە روبەڕووبونەوەکانی رابردوودا پێشمەرگە نەک ھەر پێشڕەوییەکانی داعشی وەستاند، بەڵکو توانیشی پاشەکشەی زۆر بە تیرۆریستانی داعش بکات و ناوچەیەکی بەرفرەوانیان لێ پاک بکاتەوە، بۆیە شایەنی ھەموو ھاوکاری و پشتیوانییەکی نێودەوڵەتییە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا ئاماژە بە پەیوەندیی و دۆستایەتی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەریتانیا لە بوارە جیاجیاکان درا و دووپات لە تۆکمەکردنی ئەو پەیوەندیانە کرایەوە، بە شێوەیەک لە خزمەت بەرژەوەندی ھەردوو گەلی کوردستان و بەریتانیادا بێت.
