هەرێمی کوردستان پێویستی بە هاوکاری زیاترە بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکان

هەرێمی کوردستان پێویستی بە هاوکاری زیاترە بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکان
وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە سەرەڕای ئەوەی کە هەرێمی کورستان یارمەتیه‌كی زۆری پێشكه‌شكردووه‌ به‌ ئاوارەکانی کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق لە ترسی تێرۆر هەڵهاتوون وهەروەها پەنابەرە سووریەکانی هاتوون، هەرێم پێویستی بە هاوکاری زیاتری رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وكۆمه‌ڵگه‌ی ناونه‌ته‌وه‌یی هەیە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە گەیاندنی یارمەتی بۆ ئاوارەو پەنابەران.

زاگرۆس فەتاح، بەرێوەبەری گشتی پلانی پرۆژەکانی بودجەی وەبەرهێنان لە وەزارەتی پلاندانان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، باری دارایی سەرشانی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە وبە ئەستەم دەتوانێت درێژە بە خزمەتگوزارییەکانی بەو پەنابەر وئاوارانەی کە پێشتر روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بدات.

بەرێوەبەری گشتی پلانی پرۆژەکانی بودجەی وەبەرهێنان لە وەزارەتی پلاندانان هەروەها هۆشداریدا لە ئەگەری هاتنی شەپۆلێکی نوێی ئاوارەکان بۆ هەرێمی کوردستان بەو پێیەی کە چاوه‌ڕوان دەکرێت ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسل لە ئاینده‌دا دەستپێبکات، روونیشیکردەوە بەردەوامبوونی پێشکەشکردنی یارمەتی بە پەنابەر وئاوارەکان لە سەرووی توانای حکومەتی هەرێمی کوردستانە ولەبەر ئەوەش پێویستی بە یارمەتی بەهێزی نێودەوڵەتی هەیە.

زاگرۆس فەتاح هەروەها وتی کە هەرچەندە "حکومەتی فیدرالی عیراقی دەڵێ کە سەرچاوەی داراییان لەبەردەست نیە، بەڵام بەداخەوە پێدەچی ئیرادەی سیاسی بۆ ئەو مەبەستە نەبێت. خەڵکی ئاوارە، هاوڵاتی عیراقین و بەپلەی یەکەم ئەرکی سەرەکی حکومەتی فیدراڵی عیراقە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت لە یارمەتیدانی ئاوارەکان."

هاتنی ئاوارەکان بەلێشاو بۆ هەرێمی کوردستان بەزۆری لە ناوەراستی ساڵی 2014 دەستیپێکرد کە هاوکات بوو لەگەڵ ئەو کێشە داراییانەی کە رووبەڕووی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتبوون، لەئەنجامی پەرەسەندنی ناکۆكییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان وحکومەتی فیدراڵی بەغدا لەسەر بابەتی بودجەو مافی هەناردەکردنی نەوت.

بانکی جیهانی پێشبینی کردووە ئەگەر هیچ شەپۆلێکی نوێی ئاوارەکان روو لە هەرێمی کوردستان نەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە یەک ملیارد و 400 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت کاریگەرییەکانی هاتنی ئاوارەو پەنابەرەکان بڕوێنێتەوە،. ئەگەر تەنیا 300 هەزار ئاوارەی دیکە روو لە هەرێمی کوردستان بکەن ئەو ژمارەیە دەتوانێت تەنانەت بۆ دوو ملیار دۆلاریش بەرزبێتەوە.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە 26 ی ئاداری ساڵی 2015 بڵاو کرایەوە، جێگری نوێنەری تایبەتی رێکخستنی مرۆڤیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لیز گراند، رایگەیاند، "ئەمە قەیرانێکی بەپەلەی مرۆڤییەو ئەرکە لەسەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کە پشتگیری هەرێمی کوردستان بکات لە یارمەتیدانی قوربانیانی دەستی داعش."

بەپێی لێپرساوی شانەی فریاگوزاری لە پارێزگای سلێمانی، عەزیز سۆفی، پاش شەڕی ئازادکردنی تکریت، زیاتر لە 3000 خێزانی ئاوارەی نوێ لە پارێزگای ئەنبارەوە هاتوونەتە پارێزگای سلێمانی.

بە گوێرەی دواترین راپۆرتی رێکخراوی نێوودەوڵەتی کۆچکردن کە لە کۆتایی مانگی نیسانی رابردوو بڵاوکراوەتەوە، لەو کاتەیەوە کە کرداری سەربازیی ئازادکردنی تکریت دەستی پێکردووە، 28170 کەس هاتوون بۆ پارێزگای هەولێر و 3042 بۆ پارێزگای دهۆک. بە گوێرەی هەمان راپۆرت، کۆی گشتی ئاوارەکان لە هەموو عیراق گەیشتوتە زیاتر لە دوو ملیۆن وهەشت سەد هەزار کەس.

عەزیز سۆفی هەروەها وتی کە هەرچەندە تکریت ئازادکراوە، بەلام ئاوارەکان لەبەر نیگەرانی ئەمنی ئامادەنین بگەڕێنەوە شارەکەیان.
Top