په‌رله‌مانی كوردستان: كوردستان له‌به‌رده‌م گۆڕانكاریی گه‌وره‌دایه
له راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستاندا كه وێنه‌یه‌كی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان نێردراوە، هاتووه: ئه‌م بارودۆخه هه‌ستیاره ئه‌وه‌مان لێ ده‌خوازێت به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و خاكه‌كه‌مان له سه‌رووی هه‌مو به‌رژه‌وه‌ندییه حیزبییه‌كانه‌وه دابنێین و، په‌رۆشیمان بۆ پاراستنی كوردستان له‌م ته‌نگه‌ژه گه‌ورانه، بخه‌ینه پێش هه‌مو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی تره‌وه.
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه:
به‌یاننامه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان
له ساڵیادی یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردندا
به‌بۆنه‌ی ساڵیادی یه‌كه‌مین خولی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له 19ی ئایاری 1992جوانترین پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی گه‌لی كوردستان و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێكهاته جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین.
23 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له به‌ره‌به‌یانێكی زوودا. هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان به ئومێد و خه‌ونێكی گه‌وره‌وه، له كهرنهڤاڵیكی جه‌ماوه‌ریی به‌رفراوان به‌شداریان له‌یه‌كه‌مین پرۆسه‌ی ده‌نگدانی دیموكراسیانه بۆ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی گه‌ل كرد.
هه‌ڵبژاردن پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسییانه بوو بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی ململانێ سیاسییه‌كان له‌ڕێگه‌ی سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه بۆ ئاڵوگۆڕیی ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵات و پێكه‌وه ژیان. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه یه‌كه‌مین هه‌نگاو بوو بۆ دانانی به‌ردی بناغه‌ی ده‌وڵه‌تداریی له هه‌رێمی كوردستاندا.
پاشتریش ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه بوویه وێستگه‌ی دامه‌زراندنی په‌رله‌مان و یه‌كه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
په‌رله‌مانی كوردستان، له ماوه‌ی 23 ساڵی رابردوودا، به هه‌وراز و نشێوی جیاوازدا تێپه‌ڕیووه، ئێستا بووه‌ته بانێژه‌ی ململانێی دیموكراسییانه‌ی هێز و لایه‌ن و پێكهاته جیاوازه‌كان و ناوه‌ندێكی گرنگی یاسادانان و چاودێریی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن له هه‌رێمی كوردستان.
هه‌ر بۆیه له‌م خوله‌دا ده‌مانه‌وێت په‌رله‌مان زیاتر به دامه‌زراوه‌یی بكه‌ین و بیكه‌ینه ماڵێك بۆ هه‌مو هاوڵاتیان، نه‌ك به ته‌نها له باشوور، به‌ڵكو له پارچه‌كانی تری كوردستان و به‌دووریشی بگرین له هه‌مو جۆره قۆرخكارییهك.
له ئێستادا كه یادی 23 ساڵه‌ی یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه، هه‌رێمه‌كه‌مان و ناوچه‌كه له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاریی گه‌وره‌دایه، به‌تایبه‌تیش شه‌ڕی دژ به تیرۆرستانی داعش و ململانێی هێزه گه‌وره‌و هه‌رێمایه‌تییه‌كانی ناوچه‌كه‌مان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان و كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان.
هه‌ربۆیه ئه‌م بارودۆخه هه‌ستیاره ئه‌وه‌مان لێده‌خوازێت به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان و خاكه‌كه‌مان له‌سه‌روی هه‌مو به‌رژه‌وه‌ندییه حیزبییه‌كانه‌وه دابنێین و په‌رۆشیمان بۆ پاراستنی كوردستان له‌م ته‌نگه‌ژه گه‌ورانه، بخه‌ینه پێش هه‌مو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی تره‌وه. به هیوای دوا رۆژێكی گه‌شتر و هه‌نگاونان بۆ به‌دیهێنانی ته‌واوی ئامانجه‌كانمان.
جارێكی تر ساڵیادی یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ته‌واوی پێكهاته‌كانی كوردستان وكه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان پیرۆز ده‌كه‌ین.
نه‌مری وسه‌ربه‌رزی بۆ شه‌هیدانی گه‌له‌كه‌مان
سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان
19ی ئایاری 2015
