سەردانی بارزانی بۆ ئەمریكا رووداوێكی مێژوویی بوو بەتایبەتی كە ئاڵای كوردستان و ئەمریكا پێكەوە دەشەكانەوە

سەردانی بارزانی بۆ ئەمریكا رووداوێكی مێژوویی بوو بەتایبەتی كە ئاڵای كوردستان و ئەمریكا پێكەوە دەشەكانەوە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان دیڤید فلیپس پسپۆڕ و تایبەتمەند لەسەر عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوتى: زۆر گرنگ بوو كە سەرۆك بارزانی لە لایەن سەرۆك ئۆباما و جۆزیف بایدنی جێگری سەرۆكەوە، پێشوازی لێكرا. ئەوان لە پێناو بەرفراوانكردنی چالاكییەكانیان دژ بە تیرۆریزم، گفتوگۆیان لە بارەی بارودۆخی كوردستان و پرسی پێشمەرگەوە كرد. هەروەها گفتوگۆیان لە بارەی داواكاری و خواستی دیاری كراوەوە بۆ دەستەبەركردنی چەك بۆ پێشمەرگە كرد. لە كاتی كۆبوونەوەیاندا لەگەڵ كۆشكی سپی و پەنتاگۆن، دڵنیایی بە سەرۆك بارزانی و شاندەكەی درا، كە چەكی پێویست بۆ پێشمەرگە دەستەبەر دەكرێت. زۆرێك لە ئەمریكییەكان خۆشحاڵ بوون كە ئاڵای كوردستان لە پاڵ ئاڵای ئەمریكادا لە كاتی چاوپێكەوتنی سەرۆك ئۆباما و سەرۆك بارزانی-دا دەشەكایەوە.

دیڤید فلیپس هەروەها گوتی: گفتوگۆیەك هەیە لە بارەی ئەوەی ئایا پێویستە ئەمریكا لە ڕێی حكومەتی عێراقەوە چەك دابین بكات، یاخود نا؟ ئایا ڕێگەی كاراتر هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ پێداویستییەكانی پێشمەرگە دەستەبەر بكرێن؟ سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە كرد كە پێشوازی لە دەستەبەركردنیان دەكات بە هەر شێوەیەك بێت كە بۆ كوردستان و ئەمریكا باش بێت. گرنگە هێزی پێشمەرگە بكرێتە هێزێكی پڕۆفیشناڵ بۆ ئەوەی وەك سوپایەكی نیشتمانی كار بكات، ئەمەش پێویستی بە یەكخستنەوەی پێشمەرگە و ئاسایش و هەواڵگری هەیە، هەروەها دەبێت نەفەسی حزبی لە هەموو پرسە ئەمنییەكان دوور بخرێتەوە.

شايانى باسه دیڤید هەروەها گوتی: پێموا نییە ئەمریكا لە ئێستادا پشتیوانی لە سەربەخۆیی كوردستان بكات. لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕم وایە لە بارەی هەنگاوهەڵگرتنی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی هۆشیارییەكی ڕوو لە زیاد هەیە. بەڵام دەبێت ئەوە یەكلا بكرێتەوە كە كەی و چۆن و لە سایەی چ هەلومەرجێكدا ئەم بڕیارە دەدرێت. واقیعێك هەیە، میلیشیا شیعەكان كە لەلایەن ئیرانەوە كۆنتڕۆڵ كراون، زاڵن بە سەر هێزەكانی سوپای عێراقدا. ئەگەر ئەمریكا جددییە لە بارەی لاوازكردن و لە ناوبردنی داعشەوە، ئەوا دەبێت لەگەڵ ئەو كەسانەدا كار بكات كە توانا و ئیلتیزامیان هەیە. كوردستان ئیلتیزامی خۆی بە بەها ڕۆژئاواییەكانەوە پیشانداوە، هەروەها كوردستانی عێراق باشترین دۆستی ئەمریكایە لە ناوچەكەدا و پابەندە بەوەی لە رووی ئەمنییەوە لە نزیكەوە هاوكاری بكات.

لە كۆتایی قسەكانیدا فلیپس گوتی: باوەڕم وایە پێویستە چەكی قورسی هێرشبەر بدرێتە پێشمەرگە و بۆ رزگاركردنی خاك و وەشاندنی گورزی كوشندە لە داعش بەكاری بهێنێت. تاوەكو ئێستا ئەمریكا چەكی بەرگری سووك و مامناوەندی بۆ پێشمەرگە دەستەبەر كردووە. بەغدا پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات كە دەبێت سەرجەم چەكەكان بە ڕێگەپێدانی ئەوان دابین بكرێت و پاشان بدرێنە پێشمەرگە. باوەڕم وا نییە ئەمە كاراترین ڕێگە بێت بۆ سەقامگیركردنی هەرێمەكە و لە ناوبردنی داعش. پێویستە كوردەكان ڕاستەوخۆ چەك لە ئەمریكا و هاوپەیمانیی فرەنەتەوە وەربگرن و پێویستە چەكی قورسیان پێ بدرێت بە چەشنی ئەوەی ئەمریكا بۆ بەغدای دەستەبەر دەكات. هیچ ئەگەرێك نییە كوردستانی عێراق ئەو چەكانە لە دژی هێزەكانی سوپای عێراق بەكار بهێنێت، دوای ئەنجامدانی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی. سەرۆك بارزانی بە ڕوونی ڕایگەیاندووە كە كوردستانی عێراق ڕێگەی گفتوگۆ دەگرێتەبەر بۆ ڕێككەوتن لەسەر مەرجەكانی جیابوونەوە و سەربەخۆیی لە عێراق.



بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1026)
Top