ئێستا لە نێوان رووسیا و رۆژئاوا ئاشتیی سارد هەیە نەك شەڕی سارد

ئێستا لە نێوان رووسیا و رۆژئاوا ئاشتیی سارد هەیە نەك شەڕی سارد
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان رۆبەرت رابیل پسپۆڕ و تایبەتمەند لە دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوتى: ئەگەر هەندێ بۆ مێژوو بگەڕێینەوە، مێژوویەكی دوور نا، بەڵكو بۆ پێش سەرهەڵدانی قەیرانی ئۆكڕانیا، ئەوا هێندەی ئێستا ئێمە ئاشتییەكی ساردمان لەگەڵ رووسیادا نەبوو. كەواتە ئەوەی پێوەندییەكانی نێوان رووسیا بەتایبەتی و جیهانی رۆژئاوای بەرەو خراپبوون برد، كێشەی ئۆكڕانیا بوو. هەروەها دەبێت شتێك لەبەرچاو بگرین كە لە كاتی داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە كە لە ساڵی 2003دا روویدا، لەگەڵ ئەو ئاكامانەی كە لەسەر ئاشتی جیهانی هەیبوو. كاریگەری خۆی هەبووە، چونكە لەو كاتەدا نەك تەنها رووسیا، بەڵكو هیندستان و چین و بەڕازیل و توركیا باوەڕیان وابوو كە ناكرێت جەنگ تەنها لەلایەن هێزێكی خاوەن هەژمونەوە- كە ئەمریكایە- ئەنجام بدرێت. كەواتە لە رابردوودا و لە دوای هەرەسهێنانی یەكێتی سۆڤیەتەوە و بەڕاستی لە دوای ساڵی 2003ـەوە ئەو هەستە لای چەند وڵاتێكی دیاریكراو- بە دڵنیاییەوە بە سەركردایەتی رووسیا و چین- بوونی هەبووە، ئەم وڵاتانەش هەوڵیانداوە ببنە پارسەنگێك بۆ هێزی ئەمریكا.


رۆبەرت رابیل هەروەها گوتی: تێڕوانینی من ئەوەیە كە دەوڵەتی ئیسلامی داعش هێزێكی شەڕانگێزە و شوێن و ئایندەیەكی لە سووریا و عێراقدا نییە، بەڵكو حاڵەتێكی ناسروشتییە و بێگومان بوونی ئەم هێزە بە هیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندی ناوچەكەدا نییە. ئەمە تێڕوانینی منە. موعارەزەش كە كار بۆ ئایندەیەكی باشتر دەكەن بۆ سووریا، ناتوانن كار لەگەڵ داعشدا بكەن، كوردیش كاری لەگەڵدا نەكرد. پێموایە پێویستە موعارەزەی میانڕەوی سووریا هەڵوێستێكی بنەبڕی هەبێت لە ئاست بۆ نموونە: بەرەی ئەلنوسرە- كە سەر بە رێكخراوی ئەلقاعیدەیە و ئەگەرچی لایەنێكی بەهێزیش بێت- هەروەها داعشیش، پێویستە ئەو هەڵوێستەش ئەوە بێت كە پێیان رابگەیەنن ئێمە دژی ئێوەین، دەزانم لە ئێستادا ئەمە زەحمەتە بۆ ئەوان، بەڵام ئەوان هەڵوێستیان لە ئاست داعشدا وەرگرتووە، داعش مایەی هەڕەشەیەكی راستەقینەیە نەك هەر لەسەر عێراق و سووریا، بەڵكو بۆ تەواوی ناوچەكە. كە بارودۆخێكی زۆر خراپیش هەیە لە عێراق و سووریادا. كەواتە لێرەدا مەسەلەكە ئەوە نییە ئەمریكا ئەم كارە دژی رژێمەكەی سووریا دەكات. من وەك توێژەر و رۆشنبیر بۆچوونی خۆم هەیە و پێموایە پێویستە ئەمریكا پشتیوانیی موعارەزە بكات، تەنها موعارەزەی دیموكراتی لە سووریا، كە ئێستا بەهۆی داعش و بەرەی ئەلنوسرەوە پێگەیان لاواز بووە.

شايانى باسه رابیل هەروەها گوتی: هیوادارم سەرەتا داعش بكەنە ئامانج. لەبەر ئەوەی باری خۆیان قورس دەكەن و ناكرێت هێزێك لە یەك كاتدا دژ بە داعش و بەرەی ئەلنوسرە و رژێمی ئەسەد شەڕ بكات، ئەمە زۆر بەرزەفڕانەیە و نزیكە لە مەحاڵەوە. پێموایە دەبێت سەرەتا موعارەزەی میانڕەو شەڕی داعش بكات و سەقامگیری لەو ناوچانەدا بێنێتە ئاراوە كە من پێیان دەڵێم: ناوچە رزگاركراوەكان و ئاوارەكان بگەڕێنێتەوە بۆ سووریا. حاڵی حازر رژێمی سووریا لە بەرگریدایە و تەنها یەك لەسەر سێی خاكی سوریای بەدەستەوەیە، ئەگەر شەڕی ئیستنزافی لەگەڵدا دەكەن، با بیكەن، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە ئاستێك لە سەقامگیری دەستەبەر بكات.

لە كۆتایی قسەكانیدا رۆبەرت گوتی: توركیا هەڵوێستی خۆی گۆڕیوە لە ئاست داعش و ئێستا دژی داعشە. نابێت چاوەڕوێی ئەوە بكەین هەموو دەوڵەتێك بە چەشنی وڵاتانی دیكە شەڕ بكەن، چونكە بایەخدانەكانیان جیاوازن، كە ئەوەش پەیوەستە بە بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی وڵاتەكەوە. توركیا دژی داعشە، بەڵام من لە هەڵوێستی توركیا دڵنیا نیم و پتر بە لای بەرەی ئەلنوسرە و ئیسلامییەكانی دیكەدایە، كە من هەندێكیان بە ئیسلامێكی رادیكاڵ و سەرسەخت دەزانم، لەبەر ئەوە تەم و مژییەك هەیە بۆ من و هیوادارم توركیا هەڵوێستی روونتری هەبێت لە ئاست موعارەزەی سووریادا. توركیا لە شەڕی دژ بە داعش لە هاوپەیمانێتییەكەدایە كە بە سەركردایەتی ئەمریكا پێكێهێنراوە، بەڵام بە چەشنی قەتەر، یان سعودیە بەشداری ناكات و ئەمەش بۆ بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانیان دەگەڕێتەوە.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1026)
Top