سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا كۆبۆوە
لە دیدارەكەدا دوایین پەرەسەندنە سەربازی و مەیدانییەكانی پارێزگای ئەنبار و شاری ڕومادی و هەروەها دۆخی مرۆیی ئاوارەكانی پارێزگای ئەنبار و هەڕەشەكانی تیرۆریستان بۆ سەر هاووڵاتیان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و جەخت لە پێویستیی تێكشكاندن و لەناوبردنی تیرۆریستان و دەركردنیان لە هەموو ناچە داگیركراوەكان كرایەوە. هەر لەم كۆبوونەەیەدا ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان بەرز نرخێندرا و فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی ئەمەریكا پاڵپشتیی تەواوی ئەمەریكای بۆ هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی لە شەڕی تیرۆریستاندا دووپات كردەوە.
تاوتوێكردنی بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبووونەوەی هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستان بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو و سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە لە شەڕی دژی تیرۆریستان و لە دووركردنەوەی هەڕەشەكاندا گەلی كوردستان متمانەی تەواوی بە هێزی پێشمەرگە و پاڵپشتیی دۆستانی هەیە.
سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ ئەمەریكا و فراوانتركردنی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكا تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی حكوومەت و جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و وەزیری پێشمەرگە و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم و بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدوڵڕەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.
