کۆبوونەوەی سبەینێی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تەنیا بۆ سەرۆکی حیزبەکانە

 کۆبوونەوەی سبەینێی سەرۆکی هەرێمی کوردستان  تەنیا بۆ سەرۆکی حیزبەکانە
پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 18-5-2015 سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و ئامانجی کۆبوونەوەکەش خستنەڕووی ئەنجامی سەردانەکەیەتی بۆ ئەمریکا و ئەوروپا.

عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی جەختیکردەوە کە سبەی کۆبوونەوەکە بەڕێوەدەچێت و ئاماژەی بەوەشکرد کە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکات.

سەبارەت بە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، وەرتی رايگەیاند: "بە گشتی کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر چەند پرسێکی گرینگی وەک ئایندەی کوردستان و شەڕی گرتنەوەی موسڵ و هەروەها کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا". گوتیشی "ئەم کۆبوونەوانە بەم شێوەیە دەبێتە هاندان و هۆکارێک بۆ پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانی و نەتەوەیی".

هیوا میرزا سابیر، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، رايگەیاند: " بۆ کۆبوونەوەکەی سبەینێ لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان محەممەد فەرەج ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی بەشدار دەبێت". گوتیشی "بە ئێمەیان راگەیاندووە کە تەنیا کەسی یەکەمی حیزبەکان ئامادەی کۆبوونەوەکە بن".

بەپێی زانیارییەکان کۆبوونەوەکەی سبەینێ کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکات، نەک وەک نوێنەری یەکێتی.

مەسعود بارزانی ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 3ی ئەم مانگە بەرەو واشنتن بەڕێکەوت، 5ی ئایار لەگەڵ باراک ئۆباما سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و جۆ بایدنی جێگری کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکەش رایگەیاند کە "کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوویان ئەنجامداوە". بارزانی 7 رۆژ لە ئەمریکا مایەوەو لەو ماوەیەدا بەشداری چەند کۆبوونەوەو پانێڵێکی کرد، دواتر لە ئەمریکاوە روویکردە ئەوروپاو سەردانی هەنگاریا و چیکی کرد.














رووداو
Top