حکوومەتی هەرێم نوێنەری خۆى لە بەریتانیا دەستنیشان کرد
(فەلاح مستەفا) بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەى حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لەژێر رێنماییەكانی (سهرۆك بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لە درێژەى هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدان و پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی بیانی، لەسەر بنەمای دامەزراوەیی و لە چوارچێوەى ئاڵوگۆڕکردن لە پۆستەکانى نوێنەرانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە دەرەوە، لە سۆنگەى بایەخدانمان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتى بەریتانیا، حکوومەتى هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە دەستنیشانکردنى (کاروان جەمال تاهیر)، وەک نوێنەرى تازەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە بەریتانیا لە شوێنى (بەیان سامى عەبدولڕەحمان) نوێنەرى پێشووى حکوومەتى هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا".
(کاروان جەمال تاهیر) جێگرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەت بوو و بە گوتەی (فەلاح مستەفا):" خاوەن ئەزموونی چەند ساڵەیە لە بوارى پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و گەیاندنی پەیامی حكوومەتى هەرێمی کوردستان و دروستكردنی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ دامەزراوە حكوومییەکان و کەرتى تایبەت".
جێگاى بیرهێنانهوهیه كه حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 14 وڵاتی جیهان نوێنەرایەتی هەیە و، ماوەیەکی زۆربوو بەهۆی گواستنەوەی (بەیان سامی عەبدولڕەحمان) بۆ ئەمهریکا ئەو پۆستە بە بەتاڵی مابووەوە.
