ئه‌نجوومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ ئه‌مریكا یاسایه‌كی‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ كورد په‌سه‌ند كرد

ئه‌نجوومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ ئه‌مریكا یاسایه‌كی‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ كورد په‌سه‌ند كرد
ئه‌نجوومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ ئه‌مریكا، یاسای بودجه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ په‌سه‌ندكرد، كه‌ له‌ بڕگه‌یه‌كیدا باس له‌ هاوكاریكردنی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كات.

له‌ یاساكه‌دا، بڕگه‌یه‌ك هاتووه‌ كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ كورد و سوننه‌كانی‌ عیراقه‌، به‌پێی ئه‌و بڕگه‌یه‌، ئه‌مریكا راسته‌وخۆ و به‌بێگه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حكوومه‌تی‌ عیراق، چه‌ك به‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌دات بۆ شه‌ڕی‌ داعش، هاوكات چه‌كیش به‌و عه‌شایه‌ره‌ سونانه‌ ده‌دات كه‌ شه‌ڕی‌ داعش ده‌كه‌ن.

پێشتر، كۆنگریسی ئه‌مریكا پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ بۆ ساڵی‌ 2016 په‌سه‌ندكرد. له 30ی نیسانی 2015، بە دەنگی 60 بەرامبەر بە 2 دەنگ پـرۆژە یاسای ژمارە H.R. 1735پەسەندكرا".

لەو پـڕۆژە یاسایەدا باس لە ژمارەیەكى زۆر بابەتی چاكسـازی لە نێو سوپای ئەمەریكا كراوە لەگەڵ خەرجیـیەكانی دەرەكی پێوەست بە كاروباری سەربازی، لەوانە ئۆكرانیا، ئەفغانسـتان و ئێران.

(ماك پۆرنبێری) سەرۆكی لیژنەكە لەو بارەیەوە لە پەیامێكدا راگەیاند: "تەواوی ئەندامانی لیژنەكە دەتوانن شانازی بەم پـرۆژە یاسایەوە بكەن".

(ماك) گوتیشی: "هەنگاوە سەرەتایـیەكانیان داناوە بۆ پـرۆسەی چاكسـازی گەورە لە وەزارەتی بەرگریدا بە مەبەستی زیادكردنی تواناكانی سەربازی ئەمەریكا".

راشیگەیاند: خوازیارن لە چەند هەفتەی داهاتوودا لە تەواوی ئەنجوومەنی نوێنەران تاوتوێی پـرۆژە یاساكە بكرێت.

جێی ئاماژەیە لە بڕگەیەكی پـرۆژە یاساكەدا باس لە شەڕی داعش كراوەو تیایدا پـشـتیوانی لە داوایەكی (باراك ئۆباما) كراوە بۆ خەرجكردنی 715 ملیۆن دۆلار بۆ كۆمەكردن و یارمەتیدانی هێزەكانی عیراق لەم شەڕەدا.

بەڵام لیژنەكە مەرجی داناوەو دەڵێت: "پـێویستە 25% ی ئەو بڕە پارەیە راستەوخۆ بۆ هێزەكانی پـێشـمەرگە و هێزە سوننەكان تەرخان بكرێت و 75% كەشی دەمێنێتەوە رادەگیرێت خەرج بكرێت هەتا ئەو كاتەی هەردوو وەزیری دەرەوەو بەرگری ئەمەریكا دەڵێن حكوومەتی عیراق مەرجەكانی جێبەجێكردووە بۆ ئاشتەوایی سیاسی لە وڵاتەكەیدا.

لیژنەكە دەشڵێت: "ئەگەربێت و ئەوان نەیانتوانی ئەوە بكەن، ئەوا با 60% پارەكە راستەوخۆ بۆ كورد و سووننەكان تەرخان بكرێت".

تێزانین كاربەدەسـتانی عیراق لە ئێسـتاوە نیگەرانن‌ و چەندان راگەیاندن و لێدوانی ناڕەزایـیان لەم بارەیەوە داوە، هەرچەندە هێشـتا هەنگاوی زۆر ماون‌ بنرێن تاوەكو ئەم پـرۆژە یاسایە لە تەواوی كۆنگرێسدا پەسەند بكرێت كە نزیكەی 500 لاپەڕەیە و كۆمەكی راستەوخۆی پـێشمەرگە تیایدا لە یەك لاپەڕەدا هاتووە‌.
Top