نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە وەزیری گەیاندنی عێراقی فیدرال دەكات
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2015/5/14 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز كازم حەسەن ئەلڕاشد وەزیری گەیاندنی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا كە بەڕێز مەولود باوە موراد وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت ئامادەی بوو، بەڕێز وەزیری گەیاندنی عێراقی پوختەیەكی دەربارەی كار و پڕۆژەكانی وەزارەتەكەی لە چوارچێوەی عێراق بە گشتی و بە تایبەتیش هاوكاری و هەماهەنگیی وەزارەت لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگاكانی پەیوەندی و گەیاندن پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوە دا كە وەزارەتی گەیاندنی عێراقی بەرنامە و پلانی هەیە لە بوارەكانی پەیوەندی و گەیاندندا هاوكاری و هەماهەنگییەكی باشتر و هەمەلایەنەتر لەگەڵ دەزگا پەیوەندارەكان و كۆمپانیاكانی پەیوەندی و گەیاندن لە هەرێمی كوردستان بكات.
هەروەها جەختی لەوە كردەوە كە وەزارەتەكەیان ئامادەیە هەموو هاوكارییەك لەگەڵ دەزگا پەیوەندارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كەرتی تایبەت لە بواری پەیوەندی و گەیاندندا بكات، بۆ ئەمەش لە میانی ئەم سەردانەیدا لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و چەندین دەزگا و كۆمپانیای پەیوەنداری ئەم بوارەدا كۆبووەتەوە و تیایاندا چۆنییەتی هاوكاری و هەماهەنگی نێوان وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و دەزگاكان لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی گەیاندن و دەزگاكان لە عێراقی فیدراڵدا گفتوگۆ كردووە.
